شاخەوانانی کورد لە خۆراسانی رەزەوی یادی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشتیان کردەوە

22:19 - 20 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: شاخەوانانی سەردەشتی بە چالاکییەکی شاخەوانی، یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت‌یان لە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا، کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تیمێکی شەش کەسی لە شاخەوانانی گروپی قەندیلی شاری سەردەشت، وێڕای بڕینی مەودای ١٧٠٠ کیلۆمیتر بەرەو ئوستانی خۆراسانی رەزەوی، بەسەر چیای (بینالوود)دا سەرکەوتن.

ئەم حەرەکەتە وەرزشی‌یەی گروپی شاخەوانیی \"قەندیل\" لە بەرەبەری ساڵڤەگەڕی کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت‌دا بە دروشمی \"ئاشتیی جیهانی بۆ هەموان\" و یاد و بیرەوەریی قوربانیان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شارەکانی سەردەشت و هەڵەبجە ئەنجام دراوە.

ئەو شاخەوانە کوردانە، لە رۆژەکانی ١٥ و ١٦ی جۆزەردان بەسەر چیای ٣٣٠ میتریی بینالوودی شاری نەیشابووردا سەرکەوتوون.

ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی سەردەشت لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: لەو کاتەدا کە شاخەوانە کوردەکان بەسەر ئەو چیایەدا سەرکەوتن، چەند تیمی شاخەوانی لە میامی سیمنان، مەشهەد و نەیشابوور لەوێ ئامادە بوون و ئەو چالاکییەش بۆ یاد و بیرەوەریی قوربانیان و بریندارانی کیمیابارانی شاری سەردەشت بەڕێوەچووە.

رۆژی ١٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ یەکێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت، پاش ٢٧ ساڵ برینداری، گیانی لەدەست دا.

٢٧ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا، شاری سەردەشت لەلایەن حکوومەتی بەعسی عێراقەوە کیمیاباران کراو لە ئەنجامدا ٥٠٠ کەس لە خەڵکی سڤیل کوژران و زیاتر لە ٨ هەزار کەسی دیکە تووشی برینداری و ئاسەواری ئەو چەکە کۆمەڵکوژە بوون.
\"20453.jpg\"

\"20450.jpg\"

\"20452.jpg\"

\"20451.jpg\"