شاخەوانانی كوردستان لووتكەی چیای \"ئاگر‌ی\"یان بڕی

14:39 - 20 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: گرووپی شاخەوانی \"كۆلكە زێڕینەی رۆژهەڵاتی كوردستان\" بە بۆنەی یادی قوربانییانی كیمیابارانی سەردەشت، بەسەر چیای ئاگریدا سەرکەوتن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شاخەوانانی شارەكانی سەردەشت، رەبەت، میراوێ‌، پیرانشار، شنۆ، مەهاباد، بانە، سەقز، بۆكان، مەریوان و سنە لەچوارچێوەی تیمێكدا بە بەرز راگرتنی یادی قوربانیانی سەردەشت چالاكییان ئەنجام دا.

ئەو شاخەوانانە لە قاڵبی گرووپی \" كۆلكەی زێڕینەی رۆژهەڵاتی كوردستان\" توانییان لە ماوەی سێ رۆژدا‌لووتكەی چیای ئاگری ببڕن.

گرووپی شاخەوانی \"كۆلكە زێڕینەی رۆژهەڵاتی كوردستان\" كەلە ٣٨ كەس پێكهاتووە، رێكەوتی ١٥‌ی گەلاوێژ وەرێ‌كەوتوون و رێكەوتی ١٨‌ی گەلاوێژ توانیویانە بگەنە لووتكەی چیای ئاگری.

چیای ئاگری كە بوركانێكی خامۆشە بە یەكێك لە چیا بەرزەكانی كوردستان دێتە ئەژمار و بەرزایەكی لەئاستی دەریاوە ٥١٣٧میترە و سنووری وڵاتانی ئێران، توركیە و ئەرمەنستان هەڵكەوتووە.

گرووپی شاخەوانی \"كۆلكەزێڕینەی رۆژهەڵاتی كوردستان\" لەماوەی ئەو سێ‌رۆژەدا بێجگە لە بڕینی چیای ئاگری بە مەبەستی یادی قوربانییانی سەردەشت، دوو بەرزایی دیكەیان بە بەرزایی سێ‌هەزار و ٢٠٠ میتر و سێ‌هەزار و ٦٠٠ میتر لە سنووری توركیە بڕیوە.

٢٧ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا، شاری سەردەشت لەلایەن حكوومەتی بەعسی عێراقەوە كیمیاباران كراو لە ئەنجامدا ٥٠٠ كەس لە خەڵكی سڤیل كوژران و زیاتر لە ٨ هەزار كەسی دیكە بریندار و توشی ئاسەواری ئەو چەكە كۆمەڵكوژە بوون.
\"21351.jpg\"

\"21353.jpg\"