شاخەوانانی مەهاباد هوشدارییان دا کە لە بەرزاییەکاندا مین هەیە

20:58 - 26 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هەیئەتی شاخەوانیی مەهاباد لە ڕاگەیەندراوێکدا، خەڵک و شاخەوانانیان لە مەترسیی مین لە بەرزاییەکانی مەهاباددا، ئاگادار کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەیئەتی شاخەوانیی مەهاباد لە ڕاگەیەندراوێکدا، باسی لە مەترسیی تەقینەوەی مین لە ڕێگاکانی شاخەوانیدا کردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: \"هەیئەتی شاخەوانیی مەهاباد، شاخەوانان ئاگادار دەکاتەوە کە لە بەرزاییەکانی \"لەندی شێخان، گۆمەشین و نێڵان\"، ڕێژەیەک مین لە ڕێگاکانی بەرزایی و کانییەکاندا بوونی هەیە.\"

هەیئەتی شاخەوانیی مەهاباد لەم ڕاگەیەندراوەدا زیادی کردووە: \"ئەم مینانە بە هۆی بارینە توندەکانی ئەم دواییانەدا، جێبەجێ بوونە.\"

هەیئەتی شاخەوانیی مەهاباد داوای لە شاخەوانان کردووە کە لە کاتی شاخەوانی لە بەرزاییەکاندا، خاڵە ئیمنییەکان لە ڕەچاو بگرن.

بەپێی لیکۆڵینەوە فرمییەکان، ئێران دووەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە لە دونیادا و لە چوار ملیۆن و دووسەد هەزار هێکتار زەویی ئالوودەی ئێراندا، زۆرتر لە ١٦ ملیۆن مین و تەقەمەنیی پووچەڵنەکراو هەیە.