شاخەوانان و وەرزشكارانی کورد، یادی قوربانیانی هەڵەبجەیان كردەوە

13:13 - 24 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: لە دوو شاری بانە و مەریوانەوە وەرزشكارانی كورد لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و سەردەشت بە مەبەستی رێزگرتن لە قوربانیانی كارەساتەكە رێگەی شاری هەڵەبجەیان بڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە بەرەبەریی ٢٧ـەمین ساڵڤەگەری كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی ئێراقەوە، گرووپی شاخەوانی \"ئاربەبای\" شاری بانە بە پێ‌ رێگەی نێوان بانە ـ هەڵەبجەیان بڕیوە.

ئەو شاخەوانە كوردانە بە مەبەستی بەشداری كردن لە رێوڕەسمی یادی بوردومانی كیمیایی شاری هەڵەبجە ئەو رێگەییەیان بڕیوە.

لەلایەكی دیكەوە دوو هاووڵاتیی دیكەی كوردی خەڵكی مەریوانیش بە دووچەرخەی دوو نەفەری(پایسكل) مەوادی ١٠٥ كیلۆمیتری رێگەی شاری هەڵەبجەیان گرتۆتە بەر.

سیلاح سەعیدپوور و هاوسەرەكەی سروە ئەمینی ناوی ئەو وەرزشوانە كوردەن كە بە مەبەستی رێزگرتن لە قوربانیانی كارەسانی هەڵەبجە ئەو رێگەیەیان بڕیوە.

\"25404.jpg\"
دوو هاووڵاتیی مەریوانی بە دووچەرخەی دوو نەفەری(پایسكل) مەوادی ١٠٥ كیلۆمیتری رێگەی شاری هەڵەبجەیان گرتۆتە بەر
دەوترێت سەلاح مەجیدپوور چەند ساڵ لەمەوبەر لەئەنجامی تەقینەوەی مینە چێنراوەكانەوە چاو و پەنجەی دەستەكانی لەدەست داوە و خاوەنی ١٨ خەڵاتی نێودەوڵەتی و ناوخۆییە.

چالاكی شاخەوانی، كردنەوەی پیشانگە، دانانی مۆنۆمێنتی شەهیدان، دروستكردنی پەیكر، بەڕێوەبردنی سیمیناری زانستی لە زانكۆكەكان و بەڕێوەبردنی كۆڕی شێعری و...، لەو چالاكیانەن كە هەموو ساڵێک لە بەرەبەری ساڵڤەگەڕی كارەساتی هەڵەبجەدا لە كوردستانی ئێران بەڕێوە دەچێت.

٢٥ی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ هەتاوی فڕۆكە جەنگییەكانی حكوومەتی بەعسی ئێراق ناوچەكانی هەڵەبجەیان لە هەرێمی كوردستان بوردومانی شیمیایی كرد.

لەئەنجامی ئەو بوردومانەدا نزیك بە ٥ هەزار كەس گیانیان لەدەست دا و ٧ هەتا ١٠ هەزار كەسیش بریندار بوون و زۆربەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست دا خەڵكی مەدەنی بوون.

ئەو كارەساتە دواتر لە پالەمانی عێراق و سوید بە كۆمەڵكوژی خەڵكی كورد ناسێندرا.