شاخەكانی دەورووبەری روانسەر ئاگریان تێبەر درا

21:47 - 31 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە شاخ و كێوەكانی دەورووبەری شاری روانسەر لە پارێزگای كرماشان ئاگریان تێبەر درا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی 30ی گەلاوێژی ساڵی 1391ی هەتاوی شاخی \"یەڵەوڕ\" لە پشت شاری روانسەر و تەپەی \"نیسكە جاڕ\" لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە ئاگریان تێبەر دراوە و زەرەر و خەسارێكی زۆر لە ژینگەی ناوچەكە دراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت بۆ كوژاندنەوە و كۆنترۆڵ كردنی ئەو ئاگركەوتنەوە هیچ هەوڵێكیان نەداوە و پاش چەند كاتژمێر لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە كوژاوەتەوە.

لە دوو مانگی رابردوودا لە شاخ و كوێستان و لێڕەواری دەورووبەری شارەكانی مەریوان، سەوڵاوا، پاوە، كامیاران سەلاسی باوەجانی و روانسەر بە دەیان حاڵەتی ئاگركەوتنەوە رووی داوە.