شاخی سورمەلێ لە نێوان پاراستن و وێرانکردن‏دا

15:11 - 5 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: شاخی سورمە ڕەنگی\"سورمەلێ\" لە باشووری ڕۆژئاوای شاری دیولان، کەوتۆتە بەرداشی وێرانی و پاراستنەوە.

شاخی سورمەلێ واتە ئەو شاخەی کە کانگای سورمە یان هەمان \"کلەی چاو\"ە، هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژئاوای شاری دێولان لە باری کولتووری، ئایینی، مێژوویی، گەشتیاری و ژینگەییەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە. شاخی ئاماژە بۆکراو پیرۆزایەتی ئایینی لای خەڵکی ناوچەکە هەیە و بە هۆی هەبوونی دوو گۆڕی پیرۆزی \"سەوزەپۆش\" و \"خزری زیندوو\" لەو شاخە، بە سوڵتان سورمەلێ بەناوبانگە. هەروەها ژینگەی ئەم شاخە بە چەشنەکانی ڕووەک و ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان ناوبانگی دەرکردووە و سەرەڕای ئەوەی لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ ئەوەی بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری و بپارێزرێت، بەڵام سەرنجڕاکێشیی ژینگەکەی وای کردووە کە گەشتیارێکی زۆر ڕوو بکەنە ئەو شاخە.

لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کەسانێکی نابەرپرس و خەمسارد بەرامبەر بە ژینگە چاوی تەماحیان بڕیوەتە شاخی سورمەلێ و بە وەرگرتنی بەڵگەنامەی خاوەنداریەتی کانگا ژێر زەوییەکان لە ناوەندە پەیوەندیدارە حکوومەتییەکان و بە پشتیوانیی ئەو ناوەندانە، دەستیان داوەتە هەڵکۆڵین و وێران کردنی ئەو شوێنە گەشتیارییە.

لەو پەیوەندییەدا \"جمعیەتی شەیدای سەبزی لەیلاخ\" کەمپەینی \"رزگار کردنی سورمەلێ\"ی وەڕێ خستووە و داوای لە چالاکان و خەمخۆرانی ناوچەی لەیلاخ کردووە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە فەوتانی سورمەلێ، ئەرک و بەرپرسایەتی خۆیان بەجێ بهێنن.