شائاباد/ تێزاوڕشتن بە دەموچاوی قوتابییەکی ١١ ساڵاندا

21:06 - 27 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی تەمەن ١١ ساڵان، خەڵکی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن دوو کەسەوە تێزاو بە دەموچاویدا کرا.

هەواڵدەریی مێهری کرماشان، لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ٨ی بەیانی ڕۆژی ڕابردوو، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری شائاباد منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ، لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە لە لایەن دوو کەسەوە تێزاو بە دەموچاویدا ڕژا.

ئەو سەرچاوەیە، لە زاری فەرماندەی ئینتزامیی شاری شائاباد، بڵاوی کردەوە، ئەو قوتابییە بە هۆی زۆری سووتاویی دەموچاویەوە، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە ڕەوانە کرا.

ئەو فەرماندەی ئینتزامییە، باسی لە دەسبەسەر کردنی یەکێک لە تاوانباران کردووە و تەمەن ئەو دوو کەسەی بە ١٥ و ٢٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

هەتا ئێستا هۆکاری تێزاوڕشتن بە دەموچاوی ئەو قوتابییە تەمەن ١١ ساڵە، ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی ئامارە نیوە فەرمییەکان، لە ئێراندا ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەبنە قوربانی تێزاوڕشتن، کە هۆکاری ئەم کردەوە، بۆ تۆڵە کردنەوە، بەزۆر پارە وەرگرتن، کێشەی نامووسی، کێشەی بنەماڵەیی و ڕق و قینی کۆن دەگەڕێتەوە.