سەیوان سەعیدیان: لەرێگەی سێوی مێخەکڕێژەوە هەوڵ بۆ جێگیربوونی چەمکی ئەڤین و ئاشتی لە جیهاندا ئەدەم

13:15 - 9 سەرماوەز 2713

 

ئاژانسی كوردپا: لەمێژە لەمەیدانی فەرهەنگی و هونەری كوردیدا چالاکە و لەچەند پرۆژەی تایبەتیدا هەوڵی بەجیهانیبوونی سێوی مێخەکڕێژ ئەدات و بەهیوایە لەداهاتوودا بەسێوی مێخەکڕێژ چەمکی ئاشتی و خۆشەویستی لەنێوان گەلانی جیهان وحیزبەکانی کوردستاندا جێگیر بکات.
سەیوان سەعیدیان، دەرهێنەر وهونەرمەندی کورد لەلێدوانێكی تایبەتدا لەمبارەوە بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، لەمێژ ساڵە کار بۆ جێگیر بوونی دووچەمکی ئەڤین و ئاشتی لەسەرتاسەری جیهان و بەتایبەت لەکوردستاندا دەکەم و بە نیازم بەکۆمەڵێک پرۆژەی هونەری و لە چەند قۆناغی تایبەتیدا ئەو پرۆژەیە بەرفراوان بکرێتەوە.

\"17097.jpg\"

 

سێوی مێخەکڕێژ

هونەرمەندی کورد گوتی ساڵی ١٩٩٩ بۆ یەکەمجار لەلایەن دایکمەوە سێوێکی مێخەرێژم پێ‌دراو هەر لەوکاتەوە خولیای ئەوەم لا دروستبوو کە ئەم نەریتە کۆنەی کوردەواری وەک سیمبولی خۆشەویستی و ئاشتی و کاڵکردنەوە و نەهێشتنی رق و قین لەنێوان گەڵاندا، جێگیر بکەم.

سەیوان سەعیدیان هونەرمەند و شێوەکاری کوردی خەڵکی پیرانشار ئاماژەی بەوەکرد: لەساڵی ٢٠٠٣ی زایینیەوە لەسێ قۆناغدا کار بۆ ئەو پرۆژەیە دەکەم کەلە قۆناغی یەکەمدا زیندوو کردنەوە و ناساندنبوو کە ئەو قۆناغە کۆتایی پێهات و قۆناغی دووەمیش بە نەتەوەیی کردنی ئەم نەریتەیە کەلە حاڵی جێبەجێ کردندایە و قۆناغی سێیەمیشی بۆ بە جیهانی کردنی نەریتی سێوی مێخەکڕێژ گەڕاندەوە.

ئەو پەیکەرتاشە کوردە گوتیشی کە هەنووکە هەرێمی کوردستان هیچ دیاری و سەمبولێکی تایبەتیی نییە کە پێشکەش بە گەشتیارانی بکات، بۆیە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە سەرپێشنیاری ئێمە سێوی مێخەکڕێژی بە سەمبول و دیاریی هەرێمی کوردستان ناساندووە.

سەعیدیان سەبارەت بەفەلسەفە و مێژووی سێوی مێخەکڕێژ گوتی؛ سێو لە دێرزەمانەوە لە کوردەواریدا هێما و سەمبولی خۆشەویستی و ئاشتی بووە. لەڕابردوودا کاتێک کەسێک ئەڤیندار بووە و نەیتوانیوە خۆشەویستی خۆی بە زمان دەرببڕێت، سێوێکی مێخەکڕێژی بۆ بەرامبەرەکەی ناردوە.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لە رابردوودا کاتێک دڵدارەکانیان دوو کەسی لەیەک نزیک کە لێک دەتۆران بەنیشانەی ئاشتبوونەوە سێوی مێخەکرێژیان وەکوو دیاری بۆ یەکتر ناردووە.

\"17096.jpg\"

دیاریی سێوی مێخەکڕێژ

ئەوەشی باسکرد، لەسەرئەم دووبنەمایە ماوەی چەند ساڵێکە لەهەرێمی کوردستان کاریان لەسەر دەکەم و لە گەڵ ئەوەشدا بۆیە ئەو دوو چەمکە بەرجەستەتر کراونەتەوە کە ئێمەی کورد لەکوردستان بەتایبەتی و لەرۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی، بارگاوی کولتووری رق و قین بووین. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیەش ئەوەیە کە ئەو رق و قینە کاڵ بکاتەوە و کولتووری خۆشەویستی و پێکەوە ژیان جێگیر بکات.

سەیوان سەعیدیان لەدرێژەی لێدوانەکەدا باسی لەوەش کرد، هەنووکە ئێمە وەکوو کۆمپانیای \"ڤینسێڤ vinsev\" کاری بەرهەمهێنانی سێوی مێخەکڕێژ دەکەین و خاڵێکی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە سەرجەمی ئەو سێوانەی کە مێخەکرێژ دەکرێن لەلایەن ئاوارەکان و بە تایبەت وڵاتی سووریاوەیە و لەحاڵی حازردا لە سێ کەمپی پەنابەراندا سێوی مێخەکڕێژ بەرهەم دەهێندرێت.

ئەوەی جێگای سرنجە شێوازی بەستەبەندی و کو اڵێتی بەرزی هونەری ئەو بەرهەمەیە کە لە لایەن ستافێکی هونەری پیشەگەر دیزاین و ئامادە کراوە. هەروەها لە سایتی vinsevدا بە شێوازی ئۆنلاین دەفرۆشرێت و بۆ هەموو جیهان دەنێردرێت.

ناوبراو سەبارەت بە بەجیهانی کردنی دیاریی سێوی مێخەکرێژ گوتیشی کە بەهۆی ئەوە کە پەنابەران راستەوخۆ لەگەڵ رێکخراوی جیهانیی \"یو ئێن\" لە پەیوەندیدان، رێکخراوی ناوبراو پێیان خۆشە بەشداری ئەوپرۆژەیە بن. لەلایەکی دیکەشەوە لەدرێژەی پرۆژەی فیلمی هەزار و یەک سێوی دەرهێنەری کۆچکردووی کورد \"تەهای کەریمی\" پێشنیارمان بە وەزارەتی شەهیدان کردووە کە هەمووساڵێک لەساڵڤەگەڕی کۆمەڵکوژیی ئەنفالدا ١٠٠١ سێو بۆ ئەو وڵاتانەی كە تاوانی ژینۆسایدی لێ ئەنجامدراوە، بنێردرێت.

هەروەها گوتیشی پرۆژەیەکی دیکە بۆبەجیهانی بوونی سێوی مێخەکرێژ کە لەئارادایە کە ٥٠٠٠ سێو لەلایەن خەڵکی هەڵەبجەوە مێخەکرێژ بکرێت و لە رێوڕەسمێکی تایبەتیدا ئەو ٥ هەزار سێوە پێشەکەشی پرۆژەکە دەکرێت و دواتر بەهەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و وڵاتی ژاپۆن لەشاری هیرۆشیما پارچە زەوییەک تەرخانی هەڵەبجە دەکرێت و لەوێش مۆنۆمێنتێک بۆ یادی هەڵەبجە دروست دەکرێت کە ئەو ٥ هەزار سێوە وەکوو رەمزی ٥٠٠٠ شەهید لەوێ دادەندرێن.

لە پرۆژەیەکی‌تردا، بڕیارە هاووڵاتیانی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان ٤٠ هەزار سێو مێخەکرێژ بکەن و بەنێشانەی ئاشتی و تەبایی پێشکەش بە ٤٠ هەزار بنەماڵەی کوژراوی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەرتەشی تورک، بکرێت.

ئەونیگارکێشە کوردە گوتیشی زۆربەی پرۆژەکانی سێوی مێخەکڕێژ لە رۆژی ڤالانتاین و لە سەرجەم هەرێمی کوردستان بە ئەکسیۆنی جیاوازدا بەڕێوە چوون. لە ڤالانتاینیساڵی ٢٠١٣ هەموو حیزبەکانی کوردستانی ئێرانم بەسەرکردەوە تا کوڕان و کچەکانیان لە کەشێکی ئەڤینداران و ئاشتیانەدا بەشداری پرۆژەکە بن، بەڵام تەنیا سێ لایەن ئامادەبوون. ئەو رێوڕەسمە لە کتێبخانەی ئەندێشەی شاری سلێمانی بە ئەنجام گەیشت.

ئاشکرای کرد: بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرکردەی هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات بانگهێشت بکەم و بەنیشانەی تەبایی و رێزگرتن لەیەکتر سێوی مێخەکرێژ پێشکەش بەیەکتری بکەن و تەنانەت بەهیوام بتوانین لەداهاتوویەکدا کە هیوادارم درەنگ نەبێت، کارێک بکەین کەسەرکردەکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دابنیشن و بەنێشانەی وەلانان و سڕینەوەی کولتووری رق و قین سێو مێخەکڕێژ بکەن و بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکەن.

سەیوان سەعیدیان ساڵی ١٩٧٢ لەشاری پیرانشار لەکوردستانی ئێران لەدایکبووە و خوێندنی لەکۆلێژی هونەریی زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە و لەچەندین بواری هونەریی وەکوو نیگارکێشی، پەیکەرسازی، دیزاین و سینەمادا کاری کردووە.