سەیرانگە و سروشتی دەوروبەری سەلاسی باوەجانی خاوین کرایەوە

14:41 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی خاوێن کردنەوەی ژینگەی کوردستان، ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژینگەی سەوز\" لە سەلاسی باوەجانی، شوێنە گەشتیارییەکانی دەوروبەری ئەو شارەیان خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژینگەی سەوز\" لە چالاکییەکی خۆڕسکدا، سەیرانگەکانی دەرەوەی شاری سەلاسی باوەجانیان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران و رێبواران خاوێن کردەوە.

ئەو سەیرانگەیەی دەرەوەی شاری سەلاسی باوەجانی، لەسەر رێگەی تازاوا بۆ خانە شوور – شێخ سەڵە هەڵکەوتووە.

خاوێن کردنەوەی ئەو سەیرانگەیە، بە دووەمین چالاکیی گرووپی \"ژینگەی سەوز\"ی سەلاسی باوەجانی دادەندرێت، کە پاش دامەزراندنی ئەنجامی داوە.

یەکێک لە بەشداربوانی ئەو چالاکییە رایگەیاندووە؛ پاراستنی سروشت و ژینگە، پاراستنی ژیانە و بەهیوای ژیانێکی تەندروست و ژینگەیەکی پاک و خاوێن\".

لەو چالاکییە ژینگەپارێزییەدا، ژمارەیەکیش منداڵی تێدا بەشدار بوون، کە بە خاوێن کردنەوەی ئەو سەیرانگەیە، ئۆگریی خۆیان بۆ سروشت و ژینگە نیشان دا.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەوتێکی بەرینی ژینگەپارێزی لە کوردستان دەستی پێکردووەو بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو هاووڵاتییاندا گشتگیر بووەو ئەو چالاکییانەش خۆی لە خاوین کردنەوەی شوێنە گەشتیاری و سەیرانگەکان، بەنداو و تاڵاوەکان و شکاندنی چەکی راو و ئازاد کردنی باڵندە کێوییەکاندا بینیوەتەوە.

\"24642.jpg\"

\"24643.jpg\"

\"24640.jpg\"

\"24641.jpg\"

\"24650.jpg\"