سەیرانگای "بێلوو"ی مەریوان، بەرەو كاول بوون دەچێت

14:03 - 11 سەرماوەز 2711
كوردپا: دەشتی \"بێلوو\"ی مەریوان كە یەكێك لە گەورەترین سەیرانگاكانی خەڵكی مەریوانە، بەناوی گەڵاڵەی شەهرەكی پیشەسازی خەریكە لەناو دەچێت و خەسارێكی گەورەیی ژینگەیی بە دواوەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەم شارۆچكەیە كە لەلایەن ئیدارەی سەنعەت و مەعادنەوە دروست ئەكرێت زەوییەكەی ٥٠ هێكتارە، كە زۆرێك دار و دەوەنی بەر كەوتوە و لە ریشەیان دەرهێناوە.

بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ رۆژە شیركەتێكی بەڵێندەر تێیدا سەرقاڵی كار كردنە و بۆتە هۆی خەسارێكی زۆری ژینگەیی.

بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆژە لە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان مۆڵەتی تایبەتیان وەرگرتووە، بەڵام ئیدارەی ژینگە پارێزی مەریوان و هەروەها ئیدارەی ژینگەی ناوەندیی پارێزگا ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەربڕیوە.

لە درێژەی هەواڵەكەدا هاتووە، خەڵكی ئاوایی بێلوو لە سەر جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژەیە ناڕازین، چونكە لەوەڕگەی ئاژەڵەكانیان ئەفەوتێ و شوێنیان بۆ بەخێو كردنی ئاژەڵداری نامێنێت، هەر بەو بۆنەوە چەند جارێك بوونەتە ڕێگر لە بەڕێوە چوونی ئەو پڕۆژەیە و بڕیاریش وایە بە كۆ كردنەوەی واژۆ وەك تۆمارێك پێش بە بەڕێوە چوونی بگرن.

دروست كردنی ئەو شارۆچكە پیشەییە ئەبێتە هۆی خەسارگەلێكی زۆری ژینگەیی، بە شێوەیەك كە دواتر قەرەبوو نابێتەوە، ئەمە لە كاتێك دایە كە بوونی سروشتی دەست لێنەدراو ئەبێتە هۆی راكێشانی گەشتیار بۆ ناوچەكە.

سەیرانگای دێلوو لە ١٥ کیلۆمیتریی شاری مەریوان هەڵکەوتووە.