سەڵماس/ کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران

14:38 - 21 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس، بە تەقەی راستەوخۆی هێـزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی خەرمانان هاووڵاتییەک بەناوی \"سەمەد جهانگیری\" تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی تاجەدین و خەڵکی گوندی \"کاپیک\"ی سەربە شاری سەڵماس، لە سەر جاددەی نێوان سەڵماس بۆ گوندەکەیان لەنێو ماشێنەکەیدا، بە تەقەی راستەوخۆی هێــزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، هێزەکانی سپای پاسداران لە سەر رێگەی گوندەکانی ناوچەی سەڵماس چەندین خاڵی پشکنینیان داناوە و هەروەها شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئاگادار بکرێتەوە، دراوەتە بەر دەستڕیژ و گیانی لێ ئەستێندراوە.

دەگوترێت کە سەمەد جهانگیری سەرپەرستی بنەماڵە و باوکی دوو منداڵ بووە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو، هەتا ئێستا تەرمی ناوبراو لە دەستی هێزەکانی سپای پاسداراندا ماوەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێـژی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦ هاوولاتیی کورد، تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، بە تەقەی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران گیانیان لێ ئەستێندراوە و ٥ هاووڵاتیی دیکەش لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێـران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.