سەپاندنی حوکمی چوار ساڵ زیندان بە سەر هاووڵاتییەکی شنۆیی

21:48 - 3 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێران هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مووسا مەحموودی\"، تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گوندەوێڵە\"ی شاری شنۆ لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی حکوومەتی ئێران\" ئەو حوکمەی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردەی دەرکردووە.

دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ناوبراو بۆ دادگای پێداچوونەوەی ورمێ نێردراوە.

مووسا مەحموودی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دوای نزیک بە یەک مانگ دەسبەسەر کردن بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەر کردنیدا لە \"مافی بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە\" بێبەری بووه.