سەوڵاوا/ نیگەرانیی دانیشتوانی گوندی "دزڵی" لەمەڕ چالاکیی راهیانی نوور

16:27 - 21 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دانیشتوانی گوندی \"دزڵی\"ی سەربە شاری سەوڵاوا ئاشکرای کرد، \"راهیانی نوور\" بەهاوکاریی هێزەکانی سپای پاسداران، منداڵانی ئەو گوندە بەرەو مەز‌هەبی شیعە هان ئەدەن.

لە دەسپێکی مانگی \"رەمەزان\"ـەوە زیارەتکەرانی راهیانی نوور لە بینای \"حسینه\"ی گوندی \"دزڵی\" و لەژێر ناوی \"خولی پەروەردەیی\"دا منداڵانی ئەو گوندە بەرەو مەزهەبی شیعە و هەروەها ئەندامەتی لە ریزەکانی \"بەسیج\"دا هان ئەدەن.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی دزڵی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەم کردەوەیەی \"راهیانی نوور\" لە حاڵێک دایە کە سەرجەم دانیشتوانی گوندی دزڵی \"سوننی مەزهەب\"ـن و ئەمەش نیگەرانیی دانیشتوانی گوندی دزڵی لێکەوتۆتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێــزەکانی سپای پاسداران پشتگیری لە راهیانی نوور دەکەن، هاووڵاتییان توانای ناڕەزایەتی دەربڕینیان نییە.

گوندی دزڵی یەکێک لە ناوچەکانی شەڕی ئێران و ئێراق بووە و هەروەها خامنەیی رێبەری حکوموەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨دا سەردانی ئەو گوندەی کردبوو کە بەو هۆیەوە گوندی\" دزڵی\" بۆ زیارەتکەرانی راهیانی نوور و هێزەکانی سپای پاسداران وەک شوێنێکی پیرۆز سەیر دەکرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا سپای پاسدران بیانیەکی تایبەتییان بەناوی \"یادمان دزلی\" لەو گوندە دروست کردووە کە ماوەی چەند ساڵە لەو شوێنەدا و لەژێر ناوی کردنەوەی خولی پەروەردەیی‌، تەبلیغات بۆ مەزهەبی شیعە و ئەندامەتی لە ریزەکانی \"بەسیج\"دا دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ پاسگای گوندی دزڵی بەهاوکاریی مەئموورانی \"ئیدارەی ئاگاهی\"ی شاری سەوڵاوا سی‌دی فرۆشیی ٢ هاووڵاتیی ئەو گوندەیان بەناوەکانی \"سەعید رەحمانی\"و بەختیار محەمەدی\" داخست.

بە وتەی شایەتحاڵیک، هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی و پاسگای گوندی دزڵی، دەستیان بەسەر \"سی‌دی\"یەکانی ئەو ٢ هاوولاتییە کوردەدا گرتووە.