سەوڵاوا؛ بەرزان محەممەدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو دەسبەسەر کرا

12:25 - 18 جۆزەردان 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، بەرزان محەممەدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، خەڵکی شاری سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی بەرزان محەممەدییان لە ماڵی براکەی لە گوندی "گوشخانی" سەر بە سەوڵاوا کە بەهۆی نەخۆشییەوە خەوێندرابوو، دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەو چالاکە کوردە ماوەیەک پێش، پەیوەست بووە بە کەمپەینی "نە بە کۆماری ئیسلامی".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو زیندانییە سیاسییەی پێشووە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٩٩، بەرزان محەممەدی، پاش تێپەراندنی دوو لە سەر سێی ماوەی زیندانییەکی، لە زیندانی "ئێڤین" ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بەهۆی چالاکیی لە دنیای خوازەکیدا دەسبەسەر کرا و لە دادگای سەرەتایی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی نەزەمی گشتیی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دادگای پێداچوونەوە بەڕێوە چووبوو و حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ناوبراو بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

بەرزان محەممەدی، بەبێ لە بەرچاوگرتنی جیاکردنەوەی لەگەڵ زیندانییان دیکە، ڕەوانەی زیندانی تاران کرا کە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەوڵەی بەرپرسانی زیندان، دەستی دابووە مانگرتن.

ئەو هاووڵاتییە دواتر بۆ زیندانی ئیڤین ڕاگوێزرا و مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە هاوبەندییەکانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر دژایەتیکردن لەگەڵ ئازادیی بەمەرج، پێڕانەگەیشتن بە داواکاریی زیندانییانی سیاسی، لەبەرچاونەگرتنی ئەسڵی جیاکردنەوەی زیندانییان لەگەڵ زیندانییانی دیکە، درێژکردنەوەی دادگاییکردنیان، سەپاندنی حوکمی قورسی قەزایی و یەکلاکردنەوەی حوکمی دادگای سەرەتایی بەبێ بەڕێوەچوونی دادگایەی پێداچوونەوە بە دژی خۆیان دەستیان دابووە مانگرتن و پاش ماوەیەک، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.