سەنتەری ژنانی کورد لە شاری کۆڵن: بێدەنگی ئێمه واتای ڕەزایەتی ئێمەیه

18:30 - 18 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: سەنتەری ژنانی کورد لە شاری کۆڵنی ئاڵمان لە راگەیەنراوێکدا داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، لەهەمبەر رووداوەکانی مەهاباد و دەسدرێژی بۆسەر فەریناز خوسرەوانی بێ دەنگ نەبن.

دەقی راگەیەنراوەکە:

خۆکوژی فەرینازی خوسرەوانی کێشەیەکی سیاسییه، نەک کۆمەڵایەتی!

ئەبێت چ ترسێک پاڵنەر بێت و ئەو هێزه بدات به کیژۆڵەیەک بۆ ئەنجامدانی خۆکوژی بەم شێوازه؟! ئەبێت چ ده سەڵاتێک ئەو تواناییيە بدات به کەسانێک که ئاوا ئازادانه مامڵه به رۆح و جەستەی ئینسانەکانەوه بکەن؟!

له دوای دۆزینەوەی تەرمی\" شەیدا حاتەمی\" خوێندکاری بەشی کشتوکاڵ و هەروەها دۆزینەوەی تەرمی \"سەحەر چووینی\"، خوێندکاری تێرمی دووی پەرستاری لە زانکۆی هەمەدان، ئەمه سێیهەمین حاڵەته که ئیتر به ئاشکرا چیرۆک لەو یاسا و ریسایانه دەکات کەلە ئەو کۆمەڵگایەدا سەروەریان هەیه. کۆماری ئیسلامیی ئێران به درێژای تەمەنی هەوڵی داوه که کیژان و لاوانی وڵاتی ئێران به گشتی و کوردستان به تایبەتی، بەرەو دیاردەی مادەسڕکەرەکان و لەشفروشی و ... ببات و له به شانۆکردنی دارەکانی سێداره لەسەر شەقامەکان هەر له سەرەتای منداڵییەوه راهێنان دەکات بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگایەکی نامرۆڤانه! که هەتا سەر ئێسقان کۆمەڵگای ئێرانی تووشی تاوان و قەیران کردووه و تەنانەت هەر وا کەله کەیسی رێحانه جەباریدا بینیمان ئەگەر ژنێکیش پەیدا بێت و بیهەوێت له نامووسی خۆی دیفاع بکات له سێدارەی ئەدەن!!

تاوانبار بەس خاوەنی ئەو هۆتێله نیه، یان ئەو کەسەی که ئامانجی دەستدرێژی بووه، یان ئەو کەسانەی که تێزاب به دەموچاوی ژناندا دەکەن، تاوانبار ئەو سیستەمەیه که هەموو هێڵیکی سووری بەزاندووه و کومەڵگایەکی دروست کردووه که ژن تەنیا وەک کەرەسەیەکی جنسی دەبینێت و هەر بەو هۆیه ژنان له هیچ جێگەیەک ئەمنیەتیان نییه. زیادکردنی رێژەی خۆکوژی و خۆسوتاندن و کوشتن لەسەر شەرەف و ... روخساری راستەقینەی ئەو دەسەڵاتەمان پیشان ئەدات که بێگومان له پشتى تەواوى ئەم تاوانانه خەوتووه، ئەو هێزەی که سناریۆ و دیزانی له سێدارەدان لەسەر شەقامەکان دروست دەکات، ئەو هێزەی که ئێستاش بۆ دەست بڕین و چاو کوێر کردن و بەردباران کردن بانگەشه دەکات و ئیزن به پیاوێکی ٦٠ ساڵه ئەدات که منداڵێکی ٩ ساڵه له خۆی ماره بکات و سێکسى لەگەڵ بکات، ئەو دەسەڵات و ياسا و رێسايانەى که ژن و منداڵ به موڵکى پياو دائەنين.

دياردەى توندوتیژی له ئێران به گشتی و له کوردستان به تایبەتی هەموو سنوورێکی تێپەڕاندوەوه و ئاسايی بوون و ئاسايى وەرگرتنى مەترسيیەکى گەورەيه و رێ خۆشکەر بووه بۆ دووباره و سەد باره بوونەوەى ئەم تاوانانه!

ئێمه وەک سەنتەری ژنانی کورد له شاری کۆڵن ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونەی هەوڵ بۆ دەستدریژیکردن بۆ سەر فەریناز دەکەین و داواکارین که ئەم دۆسیه به هەند وەر بگیردرێت و تەواوی خەڵکی کوردستان خاوەنی هەڵویست بن.

پێوسته که چیتر بەرانبەر روودانی ئەم کارەساتانه بێدەنگی نەکرێت، بێدەنگی ئێمه واتای رەزایەتی ئێمەیه!!

سەنتەرى ژنانى کورد له شارى کۆڵن ــ ئالمانيا
٠٧.٠٥.٢٠١٥