سەنای ئەمریکا: خولێکی نوێی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بەڕێوەیە

16:25 - 8 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: مەجلیسی سەنای ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا خولێکی نوێی گەمارۆکان بەدژی ئێران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەواڵدەری \"رۆیتێرز\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بەمزوانە خولێکی نوێ لە گەمارۆکان بۆ سەر کەرتی وزە، بەرهەمەکانی ئاسن و کەشتیوانیی حکوومەتی ئێران لەلایەن مەجلیسی سەنای ئەمریکاوە تاوتوێ دەکرێن و دەخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە ئەو گەمارۆیانە بە مەبەستی گوشار خستنە سەر حکوومەتی تاران بۆ راوەستاندنی پیتاندنی ئۆرانیۆم کە بۆ کاری نیزامی بەکار دەبردرێت، بەدژی حکوومەتی تاران جێبەجێ دەکرێت.

\"9930.jpg\"
سەناتۆری دێمۆکرات \"رابێرت مەندز\" هاوڕێ لەگەڵ \"مارک کرک\" سەناتۆری کۆماریخواز، دارێژەری ئەو گەڵاڵەیەن و ئەو گەمارۆیە سەرجەمی ئەو بانکە دەرەکییانەی کە کاری ئاڵوێر و گواستنەوەی پارە و دراو لە بواری پێشەیی، کەشتیوانی، کەشتی سازی و هەموو جۆرەکانی وزە\" بۆ حکوومەتی ئێران ئەنجام بدەن، لەخۆ دەگرێت.

یاریدەدەری یەکێک لە سەناتۆرەکانی ئەمریکا بە هەواڵدەریی رۆیترزی رایگەیاندووە: کە ئەو گەلاڵەیە هەر جۆرە ئاڵوێرێکی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران یان ئەو کەسانەی کە ناویان لەناو لیستی گەمارۆکاندا هەیە، بۆ سەرجەم شیرکەت و بازرگانە بیانییەکان قەدەغە راگەیاندووە.

دەوڵەتی ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار رایگەیاندووە کە مەبەست لەو گەمارۆیانە تەنیا گوشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێرانە بۆ دەست هەڵگرتن لە پیتاندنی ئۆرانیۆم، بەڵام کارناسان و چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕە دان ئەو گەمارۆیانە هێچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەلاتداران نیە و تەنیا خەڵکی ئاسایی زەرەرمەند دەبن.