سەلەفیگەری لەسەقز رووی لە زیادبوون کردووە

16:18 - 17 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە زۆربەی گوند و گەڕەکەکانی شاری سەقز سەلەفیگەری رووی لە زیادبوون کردووە و کۆمەڵێک لە منداڵان و مێرمنداڵان تووشی ئەم دیاردەیە بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ماوەی زیاتر لە ١ ساڵە مەڵا \"ح . ق\" پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"ساڵحاوا\"ی سەقز لە ماڵەکەی خۆیدا رۆژانە کۆمەڵێک لە منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو گوندە بەرەو سەلەفیگری هان ئەدات و لەم پەیوەندییەدا رێژەیەکی بەرچاو لە منداڵانی ئەو گوندە بەرەو سەلەفیگەری راکێشراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کردەوەکانی ئەم مەلایە نیگەرانیی قوڵی لای بنەماڵەی ئەو منداڵانە دروست کردووە و هەتا ئێستا چەندین منداڵی لە بنەماڵەکانی کردووە بە شێوەیەک زۆربەی ئەو منداڵانە روو لە بنەماڵەکانیان ناکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە مەلا و پێش‌نوێژی مزگەتی گەڕەکەکانی \"حاجیاوا\" و \"تەپی ماڵان\" بە ئاشکرا خەڵک بەرەو لای سەلەفیگەری هان ئەدەن و هەتا ئێستاش چەندین لاوی سەقزی لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان خۆیان تەقاندۆتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی \"شۆڕش قاسمی\" تەمەن ١٨ ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی پشت شارەوانیی سەقز لە وڵاتی پاكستان خۆی تەقاندۆتەوە.

دواتریش لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١دا \"ئەیوب بەقایی\" تەمەن ٢٢ ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی \"حاجی ئاوا\"ی شاری سەقز لە وڵاتی ئەفغانستان خۆی تەقاندۆتەوە و گیانی لەدەست دا.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەكان بە شێوەی بەربڵاو دەستیان كردووە بە چالاكی و بە ئاشکرا سەرقاڵی ئەندامگیرین و بۆ راهێنانیش رەوانەی وڵاتانی ئەفغانستان و پاكستان دەكرێن و ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی‌لەلای هاووڵاتییانی كورد پێکهێناوە.