سەلیم شەریفی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

18:25 - 9 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلیم شەریفی" پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئینقلابی شنۆ، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، "سەلیم شەریفی" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەیان لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

سەلیم شەریفی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکیک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕێبەندان ساڵی ٩٩، سەلیم شەریفی خەڵکی گوندی "قوروشاوێ" سەر بە شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دسبەسەر کرابوو.