سەلاح شەریفزادە لە زیندانی خەڵخاڵ ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، سەلاح شەریفزادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی خەڵخاڵ ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە هاتبووە مەرەخەسی.
ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە زیندانی خەڵخاڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٧، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی خەڵخاڵ لە پارێزگای ئەردەبێڵ کرابوو.
سەلاح شەریفزادە ١٤ی پووشپەڕی ٩٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو.
ناوبراو ١٤ی بەفرانباری ٩٧، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرابوو.
سەلاح شەریفزادە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە ڕۆژی ٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ پشتڕاست کرابووەوە.
هەروەها ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە ٤ی پووشپەڕی ١٣٧٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، بە تۆمەتی "محاربە و افساد فی الارض"، بە ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.
سەلاح شەریفزادە پاش ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو، چووبووەوە دەرەوەی ئێران.
ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لە پووشپەڕی ساڵی ٩٧ و کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی خەڵخاڵ ڕاگوێزرابوو.