سەلاح شەریف‌زادە لە زیندانی خەڵخاڵ ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێ درا

11:12 - 3 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردان، سەلاح شەریف‌زادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە زیندانی خەڵخاڵ، ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێ درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە نەخۆشیی دڵ و گورچیلەی هەیە و بە زووترین کات دەبێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بێت.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە هاتبووە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە زیندانی خەڵخاڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٧، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی خەڵخاڵ لە پارێزگای ئەردەبێڵ کرابوو.

سەلاح شەریفزادە ١٤ی پووشپەڕی ٩٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو ١٤ی بەفرانباری ٩٧، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرابوو.

سەلاح شەریفزادە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە ڕۆژی ٦ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو پشتڕاست کرابووەوە.

هەروەها ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە ٤ی پووشپەڕی ١٣٧٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، بە تۆمەتی "محاربە و افساد فی ‌الارض"، بە ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

سەلاح شەریفزادە پاش ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی خەڵخاڵ، حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو، چووبووەوە دەرەوەی ئێران.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لە پووشپەڕی ساڵی ٩٧ و کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی خەڵخاڵ ڕاگوێزرابوو.