سەلاح ئازادی چالاکی سێنفیی مامۆستایان بانگهێشتی دادگای ئینقلابی مەریوان کرا

11:34 - 28 بانەمەڕ 2722

سەلاح ئازادی، ئەندامی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بانگهێشتی دادگای ئینقلابی مەریوان کرا.

ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی بیروڕای گشتی، لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکان لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی فیلم و وێنە" بانگهێشتی دادگای ئینقلابی مەریوان کراوە.

بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە ئەو چالاکە سێنفییە دەبێ کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان لە دادگای ئینقلابی مەریوان ئامادە بێت.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، "سەلاح ئازادی" چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، بۆ داکۆکی لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە لقی ١ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ئەو شارە ئامادە و لە کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی کەفاڵەت هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە، سەلاح ئازادی بانگهێشتی پۆلیسی فەتای مەریوان کرابوو و پاش لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو، هەروەها دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ١ی لێپرسی دادگای ئینقلابی مەریوان کرابوو.