سەقز/ڕوونوێنیی لە سێ کتێبی ئەدەبی و فەرهەنگی کرا

22:09 - 19 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە سێ بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگیی نووسەرانی شاری سەقز لە هۆڵی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی و هونەریی شاری سەقز بەڕێوەچوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە؛ ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە سێ بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگیی نووسەرانی شاری سەقز بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەب و هەروەها ئەدیبان و شاعیران و نووسەران لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە، لە هۆڵی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی و هونەریی شاری سەقز بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا ڕوونوێنیی بۆ سێ کتێبی؛ دیوانە شێعری \"خۆرێک ئەدەمە بن دەستم\" بەرهەمی یوونس حسێنی، دیوانە شێعری \"ئانتراکت\" بەرهەمی میلاد ئەمانوڵڵاهی و ڕۆمانی \"کەتنگە\" بەرهەمی عەلی، حسێنی کرا.

ڕەزا شەجیعی بەڕێوەبەری وەشانگەی گوتار، لە کاتی کرانەوەی ڕێوڕەسمەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵە بەردەوامەکانی نووسەران و شاعیرانی ناوچە لەبواری بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری، گوتی: \"هەستی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و حەزی پێشکەوتن و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی فەرهەنگی، گرینگترین هاندەری ئەم نووسەرانەیە\".

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، کۆمەڵێک لە شاعیرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو سەعید نەجاڕی(ئاسۆ)، ئەحمەد شەبانی، حوسێن شێربەگی و ئیسماعیل عەزمی لە پانێلێکدا شرۆڤە و لێکدانەوەیان بۆ ئەو سێ بەرهەمە کرد.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعر لە لایەن شاعیرانی بەشدار بوو لەو ڕێوڕەسمەدا بەڕێوەچوو.