سەقز/ مامۆستایەکی کورد لە ئێران پلەی نایابی توێژەریی وەرگرت

14:17 - 9 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: لە چوارچێوەی پرۆگرامی \"مامۆستای توێژەر\" لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران، مامۆستایەکی ناوچەی زیویە لە سەقز، بووە باشترین لە سەرانسەری ئێران دا.

بەپێی هەواڵەکان، خەڵاتی هەژدەیەمین پرۆگرامی \"مامۆستای توێژەر\" لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەدرێتە مامۆستایەکی کورد بە ناوی وریا نەورووزی.

ئەم مامۆستایە لە ناوچەی زیویە هەڵکەوتوو لە نزیک شاری ساحێب لە سەقز، مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییە.

بەرهەمی ئەو مامۆستایە لە قۆناغی یەکەمدا توانیبووی ببێتە بەرهەمی نایاب لە پارێزگای کوردستاندا.

ئەوساڵ ١١ بەرهەمی توێژینەوەیی لە پارێزگای کوردستان بەشداری قۆناغی سەرانسەریی ئێران بوون.

پرۆگرامی \"مامۆستای توێژەر\" لە لایەن ئەو مامۆستایانەوە پێشکەش دەکرێت کە هەوڵی داهێنانی مێتۆدی پەروەردەیی و بارهێنان لە قوتابخانەکان و هەروەها ڕەخساندنی بەستێنی گەشەی زانستیی مامۆستا و قوتابی دەدەن.