سەقــز/ سووکایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات بە بنەماڵەی گیراوێکی کورد

21:56 - 8 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەناوچەی \"تیلەکۆ\"ی سەقــز، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و لێدان بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا بنەماڵەی زینــدانی سیاسیی کورد \"نامێق مەحموودی\" لە گوندی \"ئێرانشا\"ی ناوچەی \"تیلەکۆ\"ی شاری سەقز لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە سووکایەتی و بێ حورمەتییان پێکرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئیلاعاتییەکان هاوکات بەبیانووی بوونی چەک و چۆڵ لە ماڵی ئەو هاووڵاتییەدا سەرجەم ژووری مالەکەیان پشکنیوە.

نامیق مەحموودی تەمەن ٦٢ ساڵ رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی \"مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد\" و کەسێکی دیکە بە ناوی \"عوسمان قادری\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە لە گوندی ئێرانشا دەستبەسەر کران.

ئەو زیندانییە بەساڵاچووە کوردە، هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیراوە و لەلایەن دادستانی تارانەوە بە موحارب ناسێندراوە، ناوبراو بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە یەکێک لە چاوەکانی توانای دیتنی لەدەست داوە.

هەروەها رێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن یەکێک لە مەئموورانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بەناوی \"مەهدی موختاری‌فەر\" درایە بەر لێدان و بەو هۆیەوە ئەو زیندانییە کوردە لەهۆش خۆی چوو.

ئەو زیندانییە کوردە پاش نزیک بە ١ ساڵ و نیو لە دەستبەسەر کران هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە و پەروەندەکەی بە ناڕووونی ماوەتەوە.