سەقز؛ کوشتنی ژنێکی لاو بەدەستی دەستگیرانەکەی

10:53 - 19 جۆزەردان 2721

ڕۆژی سیشەممە ١٨ی جۆزەردان، تەرمی سووتاوی ژنێکی لاو بە ناوی "گوڵاڵە شێخی"، کچی عوسمان و خەڵکی سەقز کە بەدەستی دەستگیرانەکەی کوژرابوو، لە تەنیشت جادەی سەقز ــ سنە سەرەوەتر لە گوندی "چاپانی خوارەوە"، لەلایەن مەئموورانی ئاگاهی دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە هاووڵاتییە دوو حەوتوو لەمەوبەر بەدەست دەستگیرانەکەی کە فەرمانبەری بانکی "سپە" بووە، کوژراوە و دواتر دەستگیرانەکەی ناوبراوی سووتاندووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "تەرمی ئەو هاووڵاتییە بەتەواوەی سووتێندراوە و بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە".

میدیا خۆجێییەکانی سەقز ڕایانگەیاندووە: "بکوژی گوڵاڵە شێخی لە شاری ئاستارا کە ویستبووی لە ئێران بچێتە دەرەوە، دەسبەسەر کرا و گەڕێندراوەتەوە بۆ سەقز و پاش دانپێدانانی سەرەتایی ناوبراو، تەرمی ئەو ژنە لاوە دۆزرایەوە".

هەتا ئێستا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پاڵنەریی کوشتنی ئەم ژنە لاوە بەدەست دەستگیرانەکەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە.