سەقز؛ ڕەحمان ڕەحیم‌ پوور پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا

12:42 - 27 سەرماوەز 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "ڕەحمان ڕەحیم پوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سەقز، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو.

ڕەحمان ڕەحیم پوور بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ بەڕێوە چووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩ ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٩٩، ڕەحمان ڕەحیم پوور لە پارکی لالەی سەقز بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.