‌سەقز؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەی زیندانیکردنیان لە چالاکێکی مەدەنی کردووە

11:29 - 24 سەرماوەز 2721

لە درێژەی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوەی چالاکان و هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کراوە و هەڕەشەی زیندانیکردنیان لێ کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، "ئەیووب جەوانپوور" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنییەتییەوە، لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لەو چالاکە مەدەنییە بەڵێننامەی نووسراوەیان وەرگرتووە کە لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز هیچ جۆرە چالاکییەک ئەنجام نەدا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "سەرەڕای بەڵێننامە وەرگرتن لەو چالاکە مەدەنییە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە ئەگەری هەر جۆرە ئەنجامدانی چالاکییەک، لەگەڵ سزای زیندانیکردن بەرەڕووی دەکەنەوە".