سەقز؛ سێ هاووڵاتی بە زیندان مەحکووم کران و یەک هاووڵاتیش بێ تاوان ناسێندرا

12:21 - 14 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مێقداد حەسەن نژاد" کوڕی ساڵح، "زەمانە زیویە" کچی ئەحمەد و "محەممەد سەلیمی" کوڕی عەبدوڵڵا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد مستەفایی" سەرجەم بە ٢٧ مانگ زیندان مەحکووم کران و هاووڵاتییەکیش بە ناوی "کاوه ڕەشیدزادە" بێ تاوان ناسێندرا.

دادگا ئەو چوار هاووڵاتییەی بە "تەبلیغ و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

بەپێی ئەو حوکمەی دەرچووە، "مێقداد حەسەن نژاد" بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری، "زەمانە زیویە" بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیزی و "محەممەد سەلیمی" بە ١١ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

"کاوه ڕەشیدزادە" لەلایەن دادگاوە بێ تاوان ناسێندراوە.

دادگا ٦ مانگ زیندانییەکەی "مێقداد حەسەن نژاد"ی بەپێی مادەی ٣٨ی سزای ئیسلامی و مادەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای تەعزیری بە ٦ ملیۆن تمەن کەم کردووەتەوە.

ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، "مێقداد حەسەن نژاد" و "زەمانە زیویە" بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ لێپێچینەوە ڕەوانەی یەكێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کرابوون.

ئەو دوو کەسە دوای لێپرسینەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوون. ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو "مێقداد حەسەن نژاد" بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ "زەمانە زیویە" بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

"زەمانەی زیویە" دەرچووی ڕشتەی حقووق لە زانکۆی پەیامی نووری "سەقز"ە و ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

"زەمانە زیویە" دواتر لە دادگای ئینقلابی سەقز هەر بەو تۆمەتە دادگایی کرابوو و بە ٥٠ زەربە قامچی و ١ ملیۆن و ٨٠٠ هزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرابوو.

دواتر سزای نەختیی "زەمانە" لەلایەن دادگای پێداچوونەوە تەئید کرا و حوکمی ٥٠ زەربە شەڵاقەکەشی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێردرابوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی "کاوە ڕەشید زادە" بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی "محەممەد سەلیمی" بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزە و چاوپێکەوتن بێبەری کرابوون.