سەقز؛ زەمانە زیویە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

18:06 - 18 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ، زەمانە زیویە، چالاکی مەدەنیی کورد پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی سەقز، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕ، زەمانە زیویە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بێبەری کرابوو.

حوکمی زیندانیی ئەو چالاکە مەدەنییە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢ مانگ و نیو زیندانی تەعزیری و ٧ مانگ و نیو تەعلیقی، کەم کرابووە.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییه کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاوووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی سەقز و ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، بە دانانی  بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.

زەمانە زیویە خوێندکاری دەرچووی "ماف" لە زانکۆی پەیامی‌نووری شاری سەقز، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

زەمانە زیویە لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز هەر بەو تۆمەتە دادگایی کرابوو و بە ٥٠ قامچی و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی مەحکووم کرابوو.

سزای نەختیی زەمانە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمی لێدانی ٥٠ قامچیی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.