سەقز؛ زەمانە زیویە لە زیندان ئازاد کرا

10:52 - 13 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەشەمە، زەمانە زیویە خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو ئەو چالاکە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ کانوونی تەربیەت و ئیسلاحی ئەو شارە ڕاگویزرابوو و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمە بۆ زیندانی سەقز گوازرابووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت، زمانە زیویە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییه کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو

زەمانە زیویە خوێندکاری دەرچووی "ماف" لە زانکۆی پەیامی‌نووری شاری سەقز، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

زەمانە زیویە لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز هەر بەو تۆمەتە دادگایی کرابوو و بە ٥٠ قامچی و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی مەحکووم کرابوو.

سزای نەختیی زەمانە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمی لێدانی ٥٠ قامچیی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو ژنە چالاکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.