سەقز؛ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک و پشکنینی ماڵی سێ هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

15:50 - 15 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زانکۆ مەسعوودی" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی "ڕەسووڵ" خەڵکی گوندی "مەڵقەڕەنیـ"ـی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵی پشکنینی ماڵی سێ هاووڵاتیی دیکەی کوردیان بە ناوەکانی حاجی ساڵح فەدەوی، خەبات فەدەوی و عەبدوڵڵا مەسعوودی خەڵکی گوندی مەڵقەڕەنییان داوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "پشکنینی ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی زانکۆ مەسعوودی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: زانکۆ مەسعوودی