سەقز بەشانۆ پێشوازیی لە میوانانی نەورۆزیی خۆی کرد

16:36 - 8 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندانی شاری سەقز شانۆیەکیان سەبارەت بە کێشەکانی ناو کۆمەڵگا بەڕێوە برد.

بە پێی هەواڵە بڵاوبووەکان، لە ماوەی پشووی نەورۆزدا، شانۆی \"باوکم\" لە لایەن کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی سەقز لە پارکی مەولەویی ئەو شارە بەڕێوە دەچێت.
ئەو شانۆیە کە نێوەڕۆکەکەی توانجێکی کۆمەڵایەتییە، بۆ میوانانی نەورۆز و خەڵکی شارەکە نمایش دەکرێت.

نەوید سووزەنی کە دەرهێنەریی ئەو شانۆیەی لە ئەستۆیە بە ڕاگەینەکانی گوتووە کە؛ نمایشی \"باوکم\" لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ‏کراوە و ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی بۆ کێشەکان هەیە.

ئەم شانۆیە هەموو ئێوارەیەک کاتژمێر شەش و نیو، لە پارکی مەولەوی نمایش دەکرێت و تاکوو ١٢ی ئەم مانگە بەردەوامە.

شانۆی \"باوکم\" بەرهەمی هونەریی گرووپی \"زریان\"ـی شاری سەقزە و هەریەکە لە سەعادەت حسەینی، فەوزیە پەهلەوانی، شاهۆ یارئەحمەدی، نەوید ئەرغەوانی و سەلاحەدین شارعی، تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن.

هەر لە ڕۆژی ڕابردوودا، شانۆی \"شازادە بچکۆلە\"، لە نووسینی سێنت ئانتوان ئێگزۆپێری، لە پارکی مەولەویی سەقز نمایش کراوە.

شاری سەقز خاوەنی ٩ گرووپی فەرهەنگی ـ هونەرییە کە لە نەورۆزی ئەو ساڵدا چالاکیی بەرچاویان هەبووە.