سەقز؛ بەردەوامیی دەسبەسەریی و ناڕوونی چارەنووسی قوتابییەک

11:11 - 2 خەزەڵوەر 2722

لە چارەنووسی ''محەممەد محەممەزادە''، تەمەن ١٥ ساڵ قوتابی دواناوەندی قوتابخانەی "ئەنبیا"ی سەقز، کە لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێش لە دەسبەسەرکردنی ئەو قوتابییە، ڕاهێنەری قوتابخانەی ئەنبیای سەقز، دەستی بە سەر موبایلەکەی محەممەد محەممەدزادەدا، گرتووە و پاش پێدانەوەی موبایلەکەی، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر، ئەو قوتابییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر، دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی باوکی ئەو قوتابییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی، هەتا ئێستا بەدواچوونەوەکانی بنەماڵەی محەممەدزادە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کورەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی محەممەد محەممەدزادە، زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.