سەعید شێرزاد: محەممەد نەزەری لەگەڵ ئارش و ئاتێنا و زەینەب چ جیاوازییەکی هەیە؟

14:56 - 14 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سەعید شێرزاد، زیندانیی سیاسیی کورد لە نامەیەکدا ڕایگەیاند، کە محمەممەد نەزەری لەو پەڕی بێدەنگی و بێکەسیدا بەرەو مەرگ هەنگاو هەڵدەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، سەعید شێرزاد لە نامەیەکدا لە هەمبەر بێدەنگی بیروڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان لەسەر دۆخی محەممەد نەزەری ناڕەزایەتی دەربڕی.

ڕوونووسێکی ئەم نامەیە کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

لە کوێیە شاهین، دەنگی بێدەنگەکان، کاتێ کە دەنگی محەممەد نەزەری کە قورسایی ٩٥ ڕۆژ برسیەتی بە کۆڵ دەکێشێت، بە بۆنەی بێکەسی و بێ ناوونیشانی نابیسترێت.

لە کوێیە داریووش هەتا محەممەد نەزەری ببینێت کە ٢٤ ساڵ مانەوەی لە زیندان، \"لەسەر خاچی دەنگ\" (بر صلیب صدا) بە خاچ نەکێشرا. لە کوێیە مەرجان هەتا ببینێت \"ڕزگارییە\"کەی (رهایی‌) بووەتە هاواری ٩٥ ڕۆژ برسیەتی محەممەد نەزەری.

٩٥ ڕۆژە کە محەممەد نەزەری بە کێشانی برسیەتی لە ڕووی ناچارییەوە، گیانی وەکوو تیرێک لە سەر کەوان داناوە و جگە لە ئاو و قەند و خوێ هیچ شتێکی نەچێشتووە. ئایا هەتا ئێستە بیرتان لێ کردووەتەوە، پاش ٢٤ ساڵ مانەوە لە زیندان و خەمی لە دەست دانی ئازیزان و لەو پەڕی بێکەسیدا، بۆچی دەبێت کەسێک بەمجۆرە ئازاری ٩٥ ڕۆژ برسیەتی بکێشێت.

لەگەڵ ئێوەمە ئەی هاوڕێیانی بەئیمان کە دوێنێ هاوڕێ و دۆستی ئارش بوون و دەنگیتان بە گوێی جیهان گەیاند، یان لە کاتی گەمەی گورگ و مەڕدا ئاتێناتان لە بیر نەکرد کە لە بێدەنگیدا بمرێت و بوون بە چاوەکانی زەینەب کە لەگەڵ ئێوە بتوانێت هەزاران جار سەیری ئاویەر و زرێبار بکات. ئێستە ئێوە چیتان بەسەر هاتووە کە بەو جۆرە لە هەمبەر ٩٥ ڕۆژ مانگرتندا بێدەنگیتان هەڵبژاردووە، مەگەر جیاوازی ئەو زیندانییە لەگەڵ ئارش و ئاتێنا و زەینەب چییە، کە ئاوەها لەو پەڕی بێدەنگی و بێکەسیدا بەرەو ڕووی مەرگ دەبێتەوە و مەرگ بووەتە تەنیا ڕێگای ڕزگار بوونی.

ئایا دەتوانن وە پێش چاوی خۆتانی بێننەوە کە ٨٥٤٥ ڕۆژ مانەوە لە زیندان بەبێ کاتژمێرێک مورەخەسی (هەتا ئەمڕۆ) یانێ چی؟ بیرتان لێ کردووەتەوە کە ئێمە چیمان بە سەر هاتووە کە بینەری مەرگی کەسێک لە بێکەسیدا ببین؟

ویژدانمان با بردوویەتی یان گێژەڵووکە تێکی داوە؟ ئەو کە دەمرێت، لە برسیەتیدا نامرێت، بەڵکوو لە بێکەسی دایە و جیلی داهاتوو چۆن لە ئێمە یاد بکەنەوە؟ ئێمەی خۆبەزلزان و لە خۆماوەکان پاش ئەم بێدەنگییە قورسە، مەحکوومەکانی مێژووین!

محەممەد نەزرەی ٩٥ ڕۆژە هیچ ناخواتەوە، جگە لە ئاو و قەند و خوێیەک کە بە زۆری پێی زیندوو ماوە. محەممەد هەتا ئەمڕۆ ٣٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە، دڵی بە ڕێکوپێکی لێ نادات، هێزی قسە کردنی نزیکەو لەنێوچوونە و هێزی ڕێگا ڕۆیشتنی نەماوە.

دڵۆپ دڵۆپ خوێنی ئەم کەسە کە هەتا ئێستە خۆڕاگری کردووە و من ناتوانم چاو لە چاوانی بکەم، شاڵاوێکی مرۆییە کە تەنیا ٩٥ ڕۆژ برسیەتیش ناتوانێت باسی دەرد و ئازارە بێ‌کۆتاییەکانی ببێت. مرۆڤێک بە مارشی سبەینێ، مرۆڤێک لە گەلاوێژ هەتا خەزەڵوەر، مرۆڤێک لە برسیەتی هەتا ڕزگاری و مرۆڤێک لە بێکەسی هەتا مەرگ......

سەعید شێرزاد