سەعید شێرزاد، زیندانیی سیاسیی پێشوو لەگەڵ براکەی دەسبەسەر کران

10:52 - 14 رەزبەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر، "سەعید شێرزاد"، زیندانیی سیاسیی پێشوو و براکەی بە ناوی "عەلی شێرزاد"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بەپێشاندانی بەڵگەی حوکمی دەسبەسەریی عەلی و سەعید شێرزاد، هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەیان و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، تەواوی کەرەستەی کەسیی ئەوان کە برییتی بوون لە دوو کەیس، تەبلێت و موبایلی تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئەمنییەتییەکان سەرەتا عەلی و دواتر سەعیدیان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و شوێنی ڕاگیرانی عەلی و سەعید، زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٩، سەعید شێرزاد، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ئازاد کرابوو.