"سەعید شێرزاد" دەسبەسەر کرایەوە

11:34 - 6 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: "سەعید شێرزاد"، زیندانیی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەی، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٥ی خەزەڵوەر، "سەعید شێرزاد"، زیندانیی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، کە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر بۆ یەکەم جار هاتبووە مەرەخەسی، دووبارە دەسبەسەر کرایەوە.

"سەعید شێرزاد"، لە شاری "پەرەند" دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی "ڕۆبات کەریم" گوێزرایەوە و دەوترێ بڕیارە ئەمڕۆ بگوازرێتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

ئەو زیندانییە سیاسییە، دوو حەوتوو پاش کۆچی دوایی دایکی سەرەڕای بیانووهێنانەوەی زۆری بەرپرسانی زیندان، ئیزنی هاتنە مەرەخەسی پێدرا.

"سەعید شیرزاد"، چالاکی مافی منداڵان، ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ٩٣، لە شوێنی کارەکەی لە پاڵاوگەی تەورێز دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژوورە  تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ زیندانی ئەوینی تاران، بەهۆی داکۆکیکردن لە مافی منداڵانی کار و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. پاش ئەو ماوەیە ناوبراو بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئەوین گوازرایەوە و پاش ماوەیەکی کورت و بەبێ هیچ هۆکارێکی تایبەت، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا، ئەو حوکمە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران دووبارە پشتڕاست کرایەوە. هەروەها حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعلیقی ناوبراو کە لە ساڵی ٩١ بە هۆی بەشداری لە یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی  شاری "ئەهەر"، بە سەریدا سەپابوو، خرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.