"سەعید سەنگەر" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

18:33 - 26 خاکەلێوه 2720

"سەعید سەنگەر"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە هێزەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا  و حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی لە ١٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بۆ ناوبراو بڕایەوە و لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەندرا.

رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ بۆ لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ڕاگوێزرا و پاش لێپرسینەوە، تاوانەکەی پێ ڕاگەیەندرا. "سەعید سەنگەر" لەو دادگاییەدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان" لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

پێشتریش لە ساڵی ٩٦دا دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" دژی ناوبراو دروست کرابوو کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، نەیانتوانی سزایەکی نوێ بۆ ئەو زیندانییە دیاری بکەن.

سەعید سەنگەر زیندانیی سیاسیی کورد، لەدایکبووی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوییە،  ناوبراو خەڵکی پیرانشارە و له هاوینی ساڵی ۷۹ی هەتاوی، بە تاوانی دوژمنایەتی له‌گەڵ خودا (محاربە) و پەیوەندی بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێرانەوە، له‌لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "فاتمی" بە ئێعدام سزا درا و دواتر لە ساڵی ۱۳٨۲ بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی هەتاهەتایی ئەو زیندانییە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ لەلایەن لقی ٤ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی سنە بۆ ١٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ساڵی ٩٥ حوکمی ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای سنەوە دەرکرا، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگری لە ئازادکردنی ناوبراو کرد و بەبێ ئیزنی مورەخەسی لە زیندانی ورمێ لە حاڵی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیەتی.