سەرەڕای هەڕەشەی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی گوندی حەسەن نووران ئاگری چوارشەممەسووری کرایەوە

11:56 - 27 رەشەمه 2720

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ و هەڕەشەیان لە خەڵکی ئەو گوندە کردووە کە مافیان نییە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەڕێوە ببەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران پێش لە دەسپێکردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری لە گوندی حەسەن نووران، هەڕەشەیان لە خەڵکی ئەو گوندە کردووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئاگری چوارشەممەسووری هەڵ بکەن و ئەو ڕێورەسمە بەڕێوە ببەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هەموو ساڵێک ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری لە گوندی حەسەن نووران بەرێوە چووە و هێزەکانی سپای پاسداران ئەو ڕێوڕەسمەیان تێکداوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "پاش هەڕەشەکردنی سپای پاسداران و ئیزننەدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری، هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی حەسەن نووران، لە چەند شوێنێکی بەرزاییەکانی ئەو گوندە، بە ئاگردانی چەند تەگەری ماشین ئاگری چوارشەممەسوورییان، کردەوە."

ئەو سەرچاوەیە، لە کۆتاییشدا، ئەوەی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، پاش کردنەوەی ئاگری چوارشەممە سووری، هێزەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر بەرزاییەکانی گوندی حەسەن نووران و دەستیان بە کوژراندنەوەی ئاگرەکە کردووە.