سەرەڕای دابینکردنی بارمتە، بەرپرسی دادگوستەری مەهاباد لەگەڵ ئازادکردنی سوعدا خەدیرزادە دژایەتیی دەکات

19:37 - 29 گەلاوێژ 2722

جەواد بەنایی، بەرپرسی دادگوستەری شاری مەهاباد سەرەڕای دابینکردنی بارمتە بۆ ئازادی کاتیی سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، لەگەڵ ئازادی ئەو ژنە زیندانییە دژایەتیی دەکات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسی دادگوستەری مەهاباد، هەر جارێ بە بیانوویەک لە وەرگرتنی بارمتە بۆ ئازادیی سوعدا خۆی بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە توانیوویانە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی کاتیی سوعدا دابین بکەن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدعای ناسر عەتەباتی بەرپرسی گشتیی دادگوستەری پارێزگای ورمێ، لەمەڕ بارودۆخی ئەو زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاند: بارمتەی خوازراو بۆ ئازادیی کاتیی سوعدا ئامادە کراوە و ئازادیی کاتیی ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی بیانووی بەرپرسانی قەزایی وەدواکەوتووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، سوعدا خەدیرزادە کاتێک هەموو زیندانییەکان لە کاتی خەو و حەوانەدا بوون، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووسەرییەکەی خۆی، هەوڵی خۆهەڵواسینی خۆی دابوو کە بە هەوڵی زیندانییەکان لەو خۆکوژییە ڕزگاری بوو.

ئەو هەوڵەی سوعدا خەدیرزادە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندانی ورمێ، گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و وەرنەگرتنی بارمتە و هێنانەوەی بیانووی جۆراوجۆر بۆ پێشگرتن لە ئازادیی کاتیی ئەو زیندانییە بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەدایکبووی ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوییە و لە کاتێکدا کە تەمەنی ٩ ساڵان بووە، باوکی لەدەست داوە و دایکیشی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کۆچی دوایی کردووە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە سێ خوشکی هەیە کە ئەوانیش ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە. هەروەها سوعدا بەهۆی هەژاری و دەستکورتی نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١، جێگیر لە شاری مەهاباد، بۆ ئازادکردنی کاتیی سوعدا خەدیرزادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی دیاری کردووە.

سوعدا خەدیرزادە، کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان منداڵەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لەدایک ببوو، پاش ڕۆژێک لە نەشتەرگەریی سزارییەن، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووەوە.

تۆمارکردنی کاروباری ئیداری و دانی باری کەسیەتی (شناسنامە) بۆ کچەکەی سوعدا، خراوەتە پاش ئازادبوونی لە زیندان.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سوعدا خەدیرزادە لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سوعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سوعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمار."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسییەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سوعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە زینداندا لە بارودۆخێکی خراپدایە و بەهۆی زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و مانەوە لە زیندان، ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.