سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەتی، مانگرتن لە کوردستان بەردەوامە

16:20 - 30 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بازاڕیانی مانگرتووی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی سفرەی بەتاڵ، بە مەندیی بازاڕچە سنوورییەکان و داخستنی سنوورەکان ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ خاکەلێوە، مانگرتنی بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی بانە، مەریوان، سەقز، جوانڕۆ و پیرانشار لە هەمبەر ناڕەزایەتیدەربڕین لە داخستنی سنوورەکان درێژەی هەیە و سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەتی مانگرتنەکان لە کوردستان کۆتایییان پێ ‌نەهاتووە.

ئێوارەی دوێنی، سەعید جەلیلی، نوێنەری حکوومەتی ئێران، لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی نیشتمانی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیان سەردانی شاری بانە کرد و لە کاتی لێدوانی ناوبراودا بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی مانگرتووەکان قسەکانی تەواو نەکرد.

نوێنەری ڕێبەری حکوومەتی ئێران، لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی نیشتمانی، داوای لە بازاڕیان کردووە، کە کۆتایی بە مانگرتنی خۆیان بهێنن، بەڵام خەڵک ناڕەزایەتییان لە هەمبەر قسەکانی سەعید جەلیلی دەربڕیبوو و شوێنی کۆبوونەوەکەشیان بەجێ هێشتووە.

لە پەیوەندییەدا، فەرمانداری شاری بانە، بەڵێنی جێبەجێ کردنی کێشەی بازاڕیانی دابوو، بەڵام خەڵک باوەڕیان بە بەڵێنەکانی ناوبراو نەکردووە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی ئاژانسی کوردپا، باس لەوە دەکات، کە حکوومەتی ئێران بۆ سەرکوتی بازاڕیانی مانگرتوو، هێزەکانی دژی شۆڕشی ڕەوانە شارە سنوورییەکانی کوردستان کردووە.

سەرەڕای برینتربوونەوەی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان، دەوڵەتی ڕۆحانی و ئورگانە پەیوەندییدارەکان هیچ دژکردوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەداوە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.

گوزەرانی زۆرێک لە خەڵكی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، بە سنوورەکان بەستراوەتەوە، کە ماوەیەکە بە هۆکاری نادیار داخراون.