سەركەوتوانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "نا بۆ توندوتیژی" دیاری كران

13:19 - 11 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش چوار رۆژ كاری بەردەوام، هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕكێی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە شاری هەولێر دیاری كران.

بەپێی راپۆرتی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\"، رێوڕەسمی كۆتایی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە هەولێر كاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 28ی نوامبری 2012 بە ئامادەبوونی دوكتۆر كاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، عەدنان عوسمان بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر و لێپرسراوی فێستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی داوەرانی بەشی پێشبڕكێی فێستیڤاڵ، هونەرمەندانی پێشەنگی سینەما و تەلەفیزیۆنی شارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان، سینەماكارانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ و نوێنەری كەناڵە جۆراوجۆرەكانی دەزگانی راگەیاندن لە هۆڵی \"وێرسا\"ی شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

\"9964.jpg\"
بە وتەی دوكتۆر كاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارە ساڵی داهاتوو یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی تایبەت بە \"ئەنفاڵ و ژینۆساید\" لە هەرێمی كوردستان ساز بكرێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە هەولێر كە بریتی بوون لە: \"سینەماكاری كورد شەهرام عەلیدی (سەرۆكی لێژنەی داوەران) لە وڵاتی ئێران، محەمەدڕەزا دڵپاك ـ دەنگدانەر و كارناسی سینەما لە وڵاتی ئێران، خاتوو لیانا سەلاح ـ رخنەگری فەلەستینی و ماستەری سینەما لە وڵاتی فەرانسە، خاتوو ئاریس ئۆلسۆن ـ ماستەری سینەما و دیكیۆمێنتساز لە وڵاتی فەنلاند و دوكتۆر تاریق جەبووری دەرهێنەر و مامۆستای زانكۆ لە وڵاتی عێراق\".

سەركەوتوان و هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕكێی ئەم فێستیڤاڵە بەم شێوەیە راگەیەنران:

ـ باشترین فیلم:

خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ بەخشرا بە كورتە فیلمی \"بێدەنگ\" لە دەرهێنانی رێزان ئێشیلباش لە شاری ئامەد لە كوردستانی توركیە.

ـ باشترین دەنگ:
خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگی فێستیڤاڵ بەخشرا بە \"ئەمیرحوسێن قاسمی\" دەنگدانەری كورتە فیلمی \"بانداژ\" لە دەرهێنانی \"ئومَد عەبدوڵڵاهی\" لە شاری تاران.

ـ باشترین سیناریۆ:
خەڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵ بەخشرا بە جەلال نەسیری هانیس نووسەری سیناریۆی كورتە فیلمی \"سەفەری سارد\" لە شاری سنە.

ـ باشترین مۆنتاژ:
خەڵاتی باشترین مۆنتاژی فێستیڤاڵ بەخشرا بە \"تۆفیق ئەمانی\" مۆنتێری كورتە فیلمی \"كۆڵانێك لە پشت ماڵی ئێمە\" لە دەرهێنانی شیلان سەعدی لە شاری مەریوان.

ـ باشترین وێنەگر:
خەڵاتی باشترین وێنەگری فێستیڤاڵ بەخشرا بە \"حوسێن كولی\" وێنەگری كورتە فیلمی \"زوهرە\" لە شاری بەغداد.

ـ باشترین ئەكتەری ژن:
خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەتی فێستیڤاڵ بەخشرا بە خاتوو \"بێلجین بێلگین\" ئەكتەری كورتە فیلمی \"بێدەنگ\" لە دەرهێنانی رێزان ئێشیلباش لە شاری ئەستەمبۆڵ.

ـ باشترین فیلمی دیكیۆمێنتاری:
خەڵاتی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتاری فێستیڤاڵ بەخشرا بە كورتە فیلمی \"لە تاریكیدا\" لە دەرهێنانی \"كامەران جەماڵ\" لە شاری سلێمانی.

ـ باشترین دەرهێنان:
خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵ بەخشرا بە \"حوسێن حەسەن\" دەرهێنەری كورتە فیلمی \"هێز\" لە شاری دهۆك.

ـ باشترین موزیك:
خەڵاتی باشترین موزیكی فێستیڤاڵ بەخشرا بە \"سەعید زێهنی\" ئاوازدانەری موزیكی كورتە فیلمی \"نانی بەیانی\" لە دەرهێنانی \"مریەم دووستی\" لە شاری تاران.

ـ خەڵاتی تایبەتیی بەرپرسی لێژنەی دادوەران:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بەخشرا بە كورتە فیلمی \"سەمای پەیكەرەكان\" لە دەرهێنانی \"تارق ئاكرەیی\" لە شاری هەولێر.
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵە بەخشرا بە كورتە فیلمی \"پەیكەرە لمینەكان\" لە دەرهێنانی \"تەحسین فایق\" لە شاری هەولێر.

\"9965.jpg\"
هەر لە، رێوڕەسمەدا لەلایەن كۆمپانیای \"بابیلۆن\" خەڵاتی تەمەنێك چالاكی هونەری بە چەندین هونەرمەندی پێشەنگی بواری سینەما و تەلەفیزیۆنی شارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بەخشرا، لەوانە: عومەر چاوشین، عەبدولی حەمە جوان، ئەڵڵا موارد رەشتیانی (ئەكتەری فیلمی سینەمایی \"گۆرانییەكانی وڵاتی ئێمە\" و فیلمی سینەمایی \"نیوە مانگ\" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی)، ژیان ئیبراهیم خەیات، مێهدی ئومێد و چەندین كەسایەتیی دیكە.

لە رۆژانی بەڕێوە چوونی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە هەولێر، ٥١ فیلم، لەوانە: ٤ فیلمی بڵیندی سینەمایی و ٤٧ كورتە فیلمی چیرۆكی و دیكیۆمێنتاری لە سینەماكارانی كورد و بیانی لە دوو بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی لە رۆژانی 25 تا 28ی نوامبری ٢٠١٢ (٥ هەتا ٨ی سەرماوەز) لە هۆڵی میدیای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان نمایش كران.