سەركەوتنی وەرزشڤانانی كرماشان بەردەوامە

14:25 - 29 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: دوو زۆرانبازی خەڵكی كرماشان بانگهێشتی ئوردووی تیمی میللیی زۆرانبازیی ئازادی ئێران كران.

\"رەزا ئەفزەلی\" و \"ئیحسان ئەمینی\" دوو زۆرانبازی خەڵكی كرماشان لەلایەن تیمی میللیی زۆرانبازیی رشتەی ئازاد بۆ راهێنانەكانی ئوردووی ئەو تیمە بانگهێشت كراون.

هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی كردەوە، \"رەزا ئەفزەلی\" لە كێشی ٧٤ كیلۆ و \"ئیحسان ئەمینی\"یش لە كێشی ٨٤ كیلۆدا یاری زۆران دەكەن و دوو كەس لە ٢٨ كەسی هەڵبژێردراو بۆ تیمی میللیی ئازادی گەورە ساڵانن كە دەبێ‌ رێكەوتی ١٤ی بەفرانبار لە ئوردووی تیمی میللیی ئامادە بن و بۆ ماوەی ١٥ رۆژ لە تاران لە راهێنانەكاندا بەشدار بن.

\"10288.jpg\"
رەزا ئەفزەلی
پاش ئەو خولە راهێنانە ئەو زۆرانبازانە لە ئەگەری دەرخستنی تواناكانیان، دەتوانن بە شێوەی راستەوخۆ و تاكەكەس و بەبێ‌ بەشداری لە پێشبڕكێیە سەرانسەرییەكان، لە قۆناغی كۆتایی هەڵبژاردەی تیمی میللیدا بەشداری بكەن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئوستانی پێنجەم، لەلایەكی دیكەشەوە ژنە بەلەمەوانێكی خەڵكی كرماشان بۆ سێیەمین قۆناغی تیمی میللیی \"روئینگ\"ی ژنانی ئێران بانگهێشت كراوە.

\"10289.jpg\"
نازەنین رەحمانی
\"نازەنین رەحمانی\" ئەو ژنە بەلەمەوانە كرماشانیەیە كە بۆ ئوردووی تیمی میللیی بەلەمەوانیی ژنانی ئێران بانگهێشت كراوە كە خۆیان بۆ بەشداریی لە یارییە ئاسیاییەكانی \"ئینچۆئان\" خۆیان ئامادە دەكەن.

لە کاتێکدا وەرزشڤانانی کرماشانی بەردەوام لە ئاستی ئێراندا سەرکەوتنی جۆراوجۆر مسۆگەر دەکەن، بەلام بە دەست نەبوونی پێداویستی و کەمیی یاریگا و شوێنی وەرزشییەوە دەنالێنن.

\"ناسر محەممەد‌ساڵحی\" بەرپرسی لێژنەی کاراتەکارانی کرماشان لە لێدوانێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی میهر ئاشکرای کردووە، ئێستا ١٧ هەزار کاراتەکاری کرماشانی سەرقاڵی یارین، بەلام بۆ ئەو رێژەیە تەنیا یەک ساڵۆنیان بۆ راهێنان و یاری هەیە و وەلامدەری ویست و داخواز و توانانی لاوانی کارەتەکاری ئەو شارە نیە.