سەركەوتنی دوو سینەماكاری كورد لە فێستیڤاڵی "دیجیتاڵ"ی هیندووستان

19:46 - 20 خاکەلێوه 2712
كوردپا: فیلمی سینەمایی \"كوێستانی قەندیل\" لە دەرهێنانی تەها كەریمی سینەماكاری بانەیی و كورتە فیلمی \"دەنگی باران\" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا سینەماكاری سنەیی، خەڵاتە سەرەكییەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دیجیتاڵی هیندووستانیان مسۆگەر كرد.

هەواڵدەریی كوردپرێس لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، فیلمی سینەمایی كوێستانی قەندیل لە دەرهێنانی تەها كەریمی دەرهێنەری لاوی كورد و بە رۆڵ گێڕانی شانۆنامەنووس و دەرهێنەری ناوداری شانۆی كوردستان دوكتور قوتبەدین سادقی، لە نوێترین حزووری خۆیدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دیجیتاڵی هیندووستان نمایش كرا و توانی باشترین خەڵاتی فیلمی ئەو فێستیڤاڵە دەستەبەر بكات.

لەو فێستیڤاڵەدا كورتە فیلمی \"دەنگی باران\" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا دەرهێنەری لاوی كورد بە ئامادەبوونی خودی دەرهێنەر پیشان درا و توانی خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی ئەو فێستیڤاڵە بەدەست بهێنێ‌.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دیجیتاڵی هیندووستان، بە بەشداریی 50 كورتە فیلم و درێژی سینەماكارانی 44 وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی جیادا لە شاری \"دێهلی\" وڵاتی هیندووستان بەڕێوە چوو.

جیا لەو دوو فیلمە كوردییە كە خەڵاتیان بەدەست هێناوە، فیلمی سینەمایی\"شەوەی حیساب\"، لە دەرهێنانی حوسێن سێوەدین، سینەماكاری كوردی هەرێمی كوردستان و كورتە فیلمەكانی: \"چوون\"، لە دەرهێنانی ساڵم سەڵواتی و \"بنەماڵەی تەندروست\"، لە دەرهێنانی ئەمیر حوسێن تورابی ئەو بەرهەمە كوردییانە بوون كە لەلایەن \"كۆمپیانیای ستاك فیلمی سنە\"وە بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دیجیتاڵی هیندووستان بوون.