سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتنەئارای هەر چەشنە شەڕێکی براکوژیی مەحکووم کرد

21:08 - 4 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا خوازیاریی کۆتایی هێنان بە تێکهەڵچوونی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، تێکهەڵچوونی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەحکووم کرد.

لە بەیاننامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ براکوژی زیانی هەمەلایەنەی بۆ هەموان بە دواوە دەبێ و لەم شەڕەدا هیچ کەس سەرکەوتوو نابێ و نە لە ئاستی حیزبی و نە لە ئاستی نەتەوەییدا هیچ قازانجێکی نابێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: پێشتر رامانگەیاندبوو کە دەبێ شەڕی براکوژی تەحریم بکەین و دووبارە پێداگری دەکەمەوە کە نابێ شەڕی براکوژی روو بدات و خوێن کورد بە دەستی کورد بڕژێ.

مەسعوود بارزانی لەو بەیاننامەیەدا لەسەر چارەسەیی گرفتەکە لە رێگای وتووێژەوە پێداگریی کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ئیزن نادەن کوردستان ببێتە گۆڕەپانی تەوسویە حیساباتی سیاسیی لایەنەکان.

ناوبراو هەروەها داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ کۆنترۆڵی بارودۆخەکە هەموو هەوڵی خۆی لەمەڕ پێشگیری بەرین‌تر بوونەوە قەیرانی نێوان دوو لایەن بخاتە گەڕ.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان ژمارەیەک لە هێزەکانی سەربە پەکەکە و حدکا هاتە ئاراوە.

لەم تێکهەڵچوونەدا هێزەکانی هەر دوو لایەن ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

بە وتەی بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو تێکهەڵچوونە هەتا درەنگانی شەو بە شێوەی بەربڵاو بەردەوام بووە.

کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ناوی ئەو پێشمەرگەی کە دوێنێ لەلایەن پەکەکەوە شەهید بووە، قادر کەریمی راگەیاندووە.

هەروەها لەو تێکهەڵچوونەدا سێ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوکانی جەماڵ ئیسماعیلی، حکمەت نەبی‌زادە و کەریم خەراپەیی بریندار بوون و هەنووکە لەمەڕ برین‌پێچان رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان کراون.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پارتی کرێکارانی کوردستانی بە هێرشی یەکلایەنە بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات تاوانبار کرد.

هەواڵی پێوەندیدار:
شارەکانی شنۆ و ورمێ بەهۆی حوزووری هێزەکانی حدکا میلیتاریزە کران + تەکمیلی
RMMK: هێرشی پ.ک.ک بۆسەر پێشمەرگە، لە قازانجی دوژمن دایە
راگەیەندراوی حدکا سەبارەت بە هێرشی پەکەکە و هەڵوێستی حیزبی کۆمەڵە
دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشی pkk بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات+ تەکمیلی
شەڕی پ.ک.ک و حیزبی دێموکرات/ بەردەوامی ناکۆکییەکان لەمیدیا و چاپەمەنییەکان