سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد

13:36 - 20 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە پەراوێزی چاوپێکەوتنی لە خاڵی سفری سنووریی پارێزگای کرماشان هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد.

موحەممەدحسەین باقری، سەرۆکی ستادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی وێڕای هۆشداری دان بە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاند: \"من لەم خاڵە سنوورییەوە ڕادەگەیەنم کە وڵاتانی دراوسێمان کە هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەگرێتەوە پێویستە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان ڕێگری بکەن لە هاتوچۆی گرووپەکانی دژەشۆڕش\".

ناوبراو وتوویەتی: من بە حیزبە کوردییەکان کە لەم ناوچانە جێگیر بوون و لەلایەن دوژمنانی نیزامەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەتەمای لە مەترسی خستنی ئەمنیەتی وڵاتن هۆشداری دەدەم .

هەروەها وتوویەتی: من مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانانیان وەبیر دێنمەوە و ڕادەگەیەنم نابێ مەقەڕ و بارەگاکانیان لە نیزیک سنوورەکانمان بێت، نەک هەر سنوورەکان بەڵکوو نابێ لە خاکی عێراقیشدا بن.

داواشی کردووە کە پێشمەرگەکانی ئەم حیزبانە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکرێنەوە یان ئەگەر ئەوەش ناکرێت دەبێ دەوڵەتی عێراق ئەو کەسانە لە خاکی خۆی دەربکات.

لە ساڵی ٩٥ی هەتاوییەوە پاش ئەوەیکە پڕۆسەیەکی نوێی شۆرش بۆ کوردستانی رۆژهەڵات بە ناوی ڕاسان دەستی پێکرد جیا لەوەیکە کۆمەڵێک تێکهەڵچوون لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران هاتە ئاراوە، ڕێژەیەکی بەرچاو لە چەکدارانی کۆماری ئیسلامیش کوژران.

حکومەتی ئێران هێزە کوردییەکان بە \"دژەشۆرس\" ناو دەبات کە ئەم چەمکە لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا بە کەس یان ڕەوتگەلێک دەوترێ کە چالاکییە سیاسییەکانیان بەپێچەوانەی سیاسەتی فەرمی زاڵ لە ئێرانە.