سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڕیاری پێکهێنانی هەیئەتێکی لێکۆڵینەوەیی سەبارەت بە پرسی دۆسیەی "مستەفا سەلیمی" دەرکرد

18:04 - 23 خاکەلێوه 2720

دوکتور "جووتیار عادڵ"، وتەبێژی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی ''مستەفا سەلیمی" لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بە حکوومەتی ئێران دژکردەوەی نیشان دا.

لەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "لە زۆرێک لە کەناڵەکانەوە باسی ئەوە دەکرێت کە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی مستەفا سەلیمی کە پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، لە سنووری پێنجوێن، لە ایەن ئاسایشەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕاگەیاندراوەدا، پێداگری لەسەر ئەوەکردووە: "حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و ئەگەر شتێکی وا ڕوویدابێت ئەوە بە بێ ئاگاداریی حکوومەتی هەرێم کراوە".

دوکتور جووتیار عادڵ، ڕایگەیاند: "بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆلینەوەیی بۆ ئەم دۆسییەیە".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی "مستەفا سەلیمی"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرابووە.

ئەو زیندانییە پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان لە زیندانی سەقز، توانی لە زیندان هەڵبێت؛ بە وتەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆیی کورد، ناوبراو پاش هەڵاتن لە زیندانی سەقز لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر دەکرێت و دواتر ڕادەستی حکوومەتی ئێران دەکرێتەوە.

مستەفا سەلیمی لە دایکبووی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویە، ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٢ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، دزیی چەکدارانە و موحاربە" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتی "گودینی" بە  ١٥ ساڵ زیندان و ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو زیندانییە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، چەندین جار ناڕەزایەتی سەبارەت بە نادادپەروەرانەبوونی حوکمەکەی دەربڕیبوو و دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.