سەرکەوتوانی خولی فیڕبوونی زاراوەکانی کوردی لە مەریوان، رێزیان لێگیرا

14:59 - 26 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرکەوتوانی خولەکانی زمانی کوردی لە شاری مەریوان، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی ئەو شارە، رێزیان لێ‌گیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانان ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان، بە مەبەستی رێزگرتن لە سەرکەوتانی خوڵی پەروەردەیی زمانی کوردی لەو شارە، کۆڕێکیان بەڕێوە برد.

لەم خولەدا، جگە لە فێرکردنی زاراوەی سۆران، کلاسی فێرکاری بۆ نووسین و خوێندنەوەی زاراوەکانی (هەورامی) و (کرمانجیی سەروو) وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی زمانی کوردی، بەڕێوەچووە.

\"22145.jpg\"
ئەو خولە پەروەردەییانە لەلایەن ناوەندەکانی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین، ناوەندی فەرهەنگی زانستیی رۆنان و ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوانەوە بەرێوەچووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەو کۆڕەدا خویندرایەوە، هاتبوو کە هەر زمانێک لەم جیهانەدا هەڵگری بەشێک لە سامانی مرۆڤایەتی بۆ دۆزینەوەو دیتنی جیهانی دەوروبەریانە و زمان شوێنی هەڵقوڵین و هەروەها شوێنی پێکەوە گرێدرانەوەی هەموو توخمەکانی یەک فەرهەنگە و لەنێوچوونی یەک زمان لەنێوچوونی یەک فەرهەنگ و تێداچوونی گۆشەنیگایەکی مرۆڤە بۆ جیهان.

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، \"لە سەردەمی حکوومەتی پەهلەویدا لەژێر ناوی نوێکردنەوەو خزمەت بە فەرهەنگی ئێرانی زمانی فارسی کرایە زمانی فەرمی و زمانەکانی دیکەش قەدەغە کران و هێشتاهێندێک ئیلیتی فەرهەنگی ئێرانی بە هەمان مەنتقی پێشوو بیر دەکەنەوە و ئێرانی بە فارس زمان لە قەڵەم دەدەن. ئەمە ئەگەر خواستێکی نەگریس و دەستێکی ئەنقەست بۆ شێواندن نەبێت، بە دڵنیاییەوە هەڵوێستێکە کە بە ساویلکەییی خۆیەوە ئێران بەرەو هەڵدێر دەبات.

لەو بەیاننامە هاوبەشەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە پێشوازی خەڵک لەو خولە فێرکاری و کۆرسانە دەری دەخات کە خواستی نەفەوتانی زمانی کوردی خواستی چەند ئیلێتێکی فەرهەنگیی کورد نییە و خواستێکی بەرفراوانە و دەبێت ڕێوشوێنی یاساییی پێویست بۆ ئەو خواستە بگیرێتە بەر.

لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا ناوەند و ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان، کۆمەڵێک خولی پەروەردە و فێرکاریی رێنووس و رێزمانی کوردییان لەو شارە بەڕێوە بردووە، کە لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی ئەو شارە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
\"22117.jpg\"

\"22127.jpg\"

\"22126.jpg\"

\"22125.jpg\"

\"22120.jpg\"

\"22123.jpg\"

\"22124.jpg\"

\"22118.jpg\"

\"22119.jpg\"

\"22122.jpg\"

\"22142.jpg\"

\"22144.jpg\"

\"22143.jpg\"