سەرکەوتنی وەرزشکارانی کورد لە یارییە جیهانی و ئێرانییەکاندا

14:00 - 31 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: تالب نێعمەت‌پوور وەرزشکاری کوردی خەڵکی \"کووهدەشت\"ی سەربە ئوستانی لورستان و سامان تەهماسبی وەرزشکاری کوردی \"خەڵکی شاری سنە، لە رکابەرییەکانی یاریی زۆران(کشتی)‌ی فەرەنگی کەلە وڵاتی مەجارستان بەڕێوەچوو، توانییان لە ئاستی جیهاندا پلەی یەکەم و دووەم بەدەست بێنن.

لەو یاریانەدا کە لەشاری \"بووداپێست\"ی وڵاتی مەجارستان بەڕێوەچوو، تیایدا تالب نێعمەت‌پوور بەرەوڕووی \"سامان تەهماسبی\" بوویەوە و بە ٥ خاڵ بەرامبەر بە ٣ خاڵ، توانی سامان تەهماسبی شکست بدات.

سامان تەهامسبی وەرزشکاری کورد، کە لەسەر لیستەی وڵاتی ئازەربایجان بەشداریی کردبوو، توانی بە سەر وەرزشکارێکی فەنلاندیدا سەر بکەوێ و بگاتە قۆناغی کۆتایی و دواتریش لەئەنجامی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تالب نێعمەت‌پوور، پلەی دووەمی مسۆگەر بکات.

\"15516.jpg\"
سامان تەهماسبی، وەرزشکاری کورد
لەو یارییانەدا ٣٤ زۆرانباز لە کێشی ٨٤ کیلۆدا رکەبەرایەتیان کرد و تیایدا \"تالب نێعمەت‌پوور\" و \"سامان تەهماسبی\" دوو وەرزشکاری کورد پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێنا.

لەلایەکی دیکەوە \"نیان شامحەممەدی\" کچە تێکواندۆکارێکی سەقزی لە سێیەمین خولی یارییەکانی ئۆڵمپیادی فەرهەنگی ـ وەرزشیی کچە خوێندکارانی ئێراندا، پلەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

\"15515.jpg\"
نیان شامحەممەدی، کچە تێکواندۆکارێکی سەقزی
ئەو کچە خوێندکارە و ئەندامی باشگای وەرزشیی ئۆڵمپیادی شاری سەقز هەتا ئێستا چەندین سەرکەوتنی لە ئاستی ئێران و ئوستانی کوردستاندا بەدەست هێناوە و هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا لە میانەی یارییەکانی سێیەمین ئۆڵمپیی فەرهەنگی وەرزشیی کە لەئاستی ئێراند ابەڕێوەچوو، مەدالیای زێـڕی بەدەست هێنا.