سەرکەوتنی منداڵێکی کرماشانی لە کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی‌دا

14:23 - 9 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی گشتیی بیاڤی پەروەردەی فیکریی پارێزگای کرماشان، باسی لە سەرکەوتنی منداڵێکی خەڵکی شاری کرماشان، لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی نیگارکێشیی وڵاتی بۆلغارستان، کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"هوومەن بەهمەنی\" کە تەمەنی ١٠ ساڵە و خەڵکی شاری کرماشانە، لە ناوەندی پەروەردەی فیکریی \"کۆزەران\" بۆ بەشداری لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی وڵاتی بۆڵغارستان بەڕێ‌کراوە و توانیویەتی لەم کێبڕکێیانەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنیت.

ئەم منداڵە نیگارکێشە، دیپلۆمی شانازیی چوارەمین کێبڕكێی نێودەوڵەتیی نیگارکێشیی \"بنسکا\"، لە وڵاتی بۆڵغارستانی لە ساڵی ٢٠١٦دا بەدەست هێناوە.

هەروەها، بەرپرسی گشتیی پەروەردەی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەم پارێزگایە ڕایگەیاندووە کە؛ \"نێوەرۆکی ئەم کێبڕکێیانە ئازاد بەڕێوەچووە و بەرهەمی هونەریی ئەم منداڵە کرماشانیە لە نێوان ٥ هەزار و ٥٨٥ بەرهەمی هونەریدا کە لە ٤٦ وڵاتی دنیاوە لەم کێبڕكێیەدا بەشدارییان کردووە، توانیویەتی دیپلۆمی شانازی بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

منداڵانی کورد تاکوو ئێستا لە چەندین بەشی هونەری لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بەشدارییان لە کیبڕكێ نێودەوڵەتییەکاندا کردووە و توانیویانە بە هەموو کۆسپ و کەموکووڕییەکانیان لە بواری ئیمکاناتەوە، سەرکەوتن بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.