سەرکەوتنی دوو مامۆستای کوردی شارەکانی شنۆ و مەهاباد لەئاستی ئێران و جیهاندا

13:32 - 7 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی فیزیک لەشاری مەهاباد لەلایەن ناوەندی لێکۆلینەوەی ناوکیی ئورووپاوە بانگهێشت کراوەو هەروەها مامۆستایەکی دیکەی شنۆیی وەک مامۆستای نموونەیی ئێران هەڵبژێردراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سولەیمان مەعرووفی مامۆستای فیزیک لە قوتابخانەکانی مەهاباد بە مەبەستی ئاشنایی لەگەڵ ناوەندە ناوکییەکانی ئورووپا، لەلایەن ناوەندی لێکۆلینەوەی ناوکیی ئورووپاوە بانگهێشت کرا.

سولەیمان مەعرووفی بە \"ئیرنا\"‌ی راگەیاندووە، ناوەندی لێکۆلینەوەی ناوکیی ئورووپا دوو مامۆستای زانکۆی بۆ دەرەوەی وڵات بانگهێشت کردووە.

ئەو مامۆستا کوردە، کە لەئێرانیشدا لە بوارەکەی خۆیدا پلەی یەکەمی هەیە، بۆ ماوەی ٢١ رۆژ سەردانی ناوەندی \"سرن\" کە گەورەترین تاقیگەی فیزیکی زەڕەیی لە جیهان دایە، دەکات.

ئەو تاقیگەیە ساڵی ١٩٥٤ لە شاری ژنێف لەوڵاتی سویس و لەنزیک سنووری فەرانسە دروست کراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و لەدرێژەی سەرکەوتنی مامۆستایانی کوردا، ئارام ئەحمەدپوور مامۆستای سەرەتایی لە ئاواییەکانی شنۆ و خوێندکاریی کارناسی باڵای رشتەی پەروەردەی سەرەتایی، وەکوو مامۆستای نموونەیی لەئاستی ئێراندا دیاری کراوە.

ئەو مامۆستا کوردە لە ئاوایی \"گەڵاز\"‌ی شاری شنۆ سەرقاڵی وانە وتنەوەیە و پێشتریش بۆ چەندین جار لەئاستی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا وەکوو باشترین مامۆستا دەستنیشان کرابوو.

ماوەیەک لەمەوبەریش مامۆستایەکی قوتابخانە سەرەتاییەکانی شارستانی پاوە لە فێستیڤاڵی \"وانە وتنەوە\" کە تایبەت بە زانستی IT بوو، توانی پلەی یەکەم بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

فارووق قاسرە مامۆستای قوتابخانەی \"سەید عەبیدوڵڵا\"‌ی ئاوایی هەجیجی سەر بە شارستانی پاوە لەبواری شێوەی زانستیانەی وانە وتنەوەی وێنەگریدا پلەی یەکەمی ئێرانی بەدەست هێنابوو.